٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکهاتەکان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدرانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەکەن کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێرشە مووشەکییە بالیستییەی سوپای پاسداران کە شاری هەولێری کردە ئامانج، "بێباک و نابەرپرسیارانە بوو و پێشێلکارییەکی ئاشکرابوو بۆ سەر سەروەری و سەربەخۆیی خاکی عێراق و ژیانی هاووڵاتییان".

وەکو ئەوەی لویس ساکۆ ئاماژەی پێ داوە، بەرپرسیارێتیی وڵاتان و گەلان، "پەرەدانە بە بەهاکانی ئاشتی و پێکەوەژیانی هاوبەش و رەخساندنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ هاووڵاتییان، نەک دروستکردنی شەڕ و ململانێکان کە ئاشتی دابین ناکات".

هاوکات ئاوای سێیەم، پارتریاکی کەنسیەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە عێراق و جیهان، لە پەیامێکیدا کە بۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، وێرای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکە دەکات.

پارتریاکی کەنسیەی  رۆژهەڵاتی ئاشووری لە عێراق و جیهان بە پێویستیشی دەزانێت جیهان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستییانە یەکگرتوو بێت و کاربکەن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری بۆ هاووڵاتییانی سڤیل.

لەلایەکی دیکەوە هەر یەکە لە مەتران بەشار مەتا وەردا، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی کلدانییەکان لە هەولێر، مەتران نیکۆدیمۆس داود مەتا، بەرپرسی پێکهاتەی ئۆرتۆدۆکسی سریانەکان لە مووسڵ، کەرکووک و هەرێمی کوردستان و، مەتران ناتانیێل نزار سامان، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی حەدیابی سریانی کاسۆلیکیی مووسڵ لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سوپای پاسدارانیان کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، "تەواوی پاڵپشتیی خۆمان بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی ئاسایش وڵات و هاووڵاتییانی دەردەبڕین و داوا دەکەین هەموو لایەک رێز لە سەروەری و سەربەخۆیی خاکی وڵات بگرن".

نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر چه‌ند ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت. بەهۆی هێرشەکەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

هەواڵی پەیوەندیدار