مەسروور بارزانی: لە ئەمڕۆوە دوو هێندە کار لەسەر پرۆژەکانمان دەکەین

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە دوو هێندە کار لەسەر پرۆژەکانمان دەکەین. کوردستان بەرەو وەرچەرخان دەڕوات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) تویتەری پێشوو، نووسیویەتی: "لە ئەمڕۆوە ئێمە دوو هێندە کار دەکەین لەسەر پرۆژەکانمان لە سێکتەری بانکی، پارەدانی دیجیتاڵی، وزە، کشتوکاڵ و پیشەسازی.
مەسروور بارزانی، راشیگەیاند: "کوردستان بەرەو وەرچەرخان دەڕوات".
رۆژی 15/1/2024، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، گەیشتە سویسرا، لەو چوارچێوەیەدا دوێنی سەرۆکی حکوومەت ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی ژمارەیەک وڵات هەبوو.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس گوتی: " ئێمە بەو ئومیدە هاتووین بۆ داڤۆس، بۆ ئەوەی بەڕێگەی کۆمپانیاکان و ئەو بەڕێزانەی کە بەشدارییان لە ماڵی کوردستان کردووە، بۆ یەکەمجار کە بتوانین پەرە بە ئابووری کوردستان بدەین و پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان فراوانتر بکەین، ئەو بەرنامانەی کە دانرابوون بۆ ئەم چەند رۆژە بەوشێوەیە رێکخرابوون، هیوادارم بتوانین لەسەر بەرنامەکانی خۆمان بەردەوام بین".




