٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆنفرانسی داڤووس دەرفەتە بۆ ئەوەی ھەرێم لەگەڵ وڵاتان ڕێککەوتنی ئابووری بکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ شارەزایەکی ئابووری دەڵێت: بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت و شاندی یاوەری لە کۆنگرەی داڤووس زۆر گرنگە و دەرفەتێکە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ وڵاتان بکات و پەیوەندییەکان زیاتر پەرە پێبدات.

نەجیبە نەجیب، شارەزای ئابووری و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی داڤووس کە لەسەر ئاستی  نێودەوڵەتی بەھایەکی باش دەداتە ھەرێمی کوردستان، وا دەکات لەناو وڵاتانی خاوەن پیشەسازی و خاوەن ئابووری بەھێز ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارێکدا دیار بێت و ھەنگاوێکی مێژووییە.
نەجیبە نەجیب گوتیشی: لەو کۆنفرانسەدا لەڕووی ئابووری لەسەر ئاستی جیھان پلان دادەنرێت بۆ چارەکردنی گرانبوونی کاڵا و نەوت، نەبوونی ھەلیکار و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئابووریی، کە ڕووبەڕووی وڵاتان دەبنەوە، سودێکی دیکەی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان زیاتر پەیوەندی دروست دەکات و بەھێزتر دەبێت، چونکە دیدار و چاوپێکەوتنی زۆر ئەنجام دەدرێت لەگەڵ وڵاتانی زلھێز بۆ دروستکردین پەیوەندی ئابوری، بەتایبەت ھەرێم ئێستا کار دەکات پشت بە داھاتی نانەوتی ببەستێت، وەکو پیشەسازی و کشتوکاڵ و کەرتەکانی دیکە.
نەجیبە باسی لەوەش کرد: ئەو جۆرە کۆنفرانسانە دەرگا بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەنەوە و سود لە ئەزموونی وڵاتان وەرووەگرین،  خاڵێکی دیکە هەوڵی ھەرێمی کوردستانە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ وڵاتان، بۆ ئەوەی بتوانین بەرھەمی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکەین و ببێتە داھات بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە  ئێستا سیاسەت لەسەر بنەمای ئابووری دادەنرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار