پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی ھێرشەکانی سەر ھەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان ھیچ بنەمایەکی نییە و ئەو ھێرش و پەلامارانەش زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری ھەیە.
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان.
ھەموو لایەک ئاگادارن، ھەر لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە ھەتا ئێستا بە دەیانجار شاری ھەولێر کەوتۆتە ژێر ھێرشی ناڕەوای موشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و ھێزە ھاودەستەکانیان. ئەو ھێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان.
ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی ھێرشەکانی سەر ھەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان ھیچ بنەمایەکی نیە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی ھەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن.
ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری ھەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێکی بێتاوانی ھەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەھامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.
لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و ھەمیشە ڕێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران ھەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیان بۆ درێژ کردووە. دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی ھەولێر و خەڵکی کوردستان دەھێننەوە ھیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە و دوورە لە ڕاستی. داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە ھەولێر ڕاستییەکان ببینن و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرھەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان.
ناکرێ ھەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین.
پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەھیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە ھیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە. دەتوانن بمانکوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن.
گەلی کوردستان پشتی بە خوا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە و خودا لە ھەموو زاڵم و ھێزێک گەورەترە.
مسعود بارزانی
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤




