پارێزگاری هەولێر: بۆ شەرمەزاركردنی ئەو هێرشە هەولێر خۆپیشاندان ده‌كات

هه‌ولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر، ئاگادارییەكی بۆ خەڵكی هەولێر بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "ژمارەیەك هاووڵاتیی شارەكەمان بۆ شەرمەزاركردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەی سەر هەولێر، داوایان كردووە خۆپیشاندان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 16/1/2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئاگادارییەكی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا هاتووە: "له‌پێناو ئیدانه‌کردن و شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌و هێرشه ناڕه‌وایه‌ی دوێنێ شه‌وی سه‌ر هه‌ولێری هه‌میشه سه‌ربه‌رز و کرده‌وه تیرۆریستییه‌کانی پێشووتریش، ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ک هاووڵاتیی شاره‌که‌مان داوای مۆڵه‌تی خۆپیشاندانیان کردووه و بڕیاره كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ، گه‌وره و بچووک و چین و توێژه‌کان، بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی مه‌زڵومیه‌ت و ڕیسواکردنی بکه‌رانی ئه‌و تاوانه، له به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تری گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بکه‌ن و مۆڵه‌تیان پێدراوه، ئێمه‌ش پشتیوانیان لێ ده‌که‌ین و له‌گه‌ڵیان ده‌بین."
ئومێد خۆشناو دەشڵێت: "داوا له‌جه‌ماوه‌ری هه‌میشه سه‌ربه‌رزی هه‌ولێر و دەووربەری ده‌که‌ین، بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی هه‌ولێر و پڕۆتستۆکردنی ئه‌و تاوانه، به‌شداریی فراوان بکه‌ن."
پارێزگاری هەولێر دروود بۆ ڕۆحی شه‌هیدان دەنێرێت و هیوای سه‌لامه‌تی بۆ برینداران دەخوازێت و دەڵێت: "هه‌ولێر هه‌ولێره و نابه‌زێ و ناترسێ و ناهه‌ژێ."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكانی سەر هەولێر بڵاو كردەوە، تێیدا هاتبوو: "کاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێك لە بریندارەکان ناجێگیرە."
ئەوەش خرابووە ڕوو: "سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە، ئەم بیانووە بێبنەمایە و ڕەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکار دێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە: "ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراقە و پێویستە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن."




