٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیدا دەبین بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر خەڵکی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان.

رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی موشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە. 

داواکارم لە خوای گەورە، شەهیدەکان بە بەهەشت شاد بکات و بریندارەکان هەرچی زووتر چاک ببنەوە. بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەرمەزار دەکەم.

داواش لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم لە سەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ. لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار