شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ شاندی گەڕەكی نەورۆز: كار بۆ نەفەوتانی مافەكانتان دەكهم

ههولێر-KDP.info- لەماوەی رابردوو هێزێكی سوپای عێراق هەوڵی چۆڵكردنی دەیان خانووی هاووڵاتییانی كوردی لە گەڕەكی نەورۆز لە كەركووك دا، ئەوان رەتیان كردەوە خانووەكانیان چۆڵ بكەن، بەو هۆیەوە گرژی دروست بوو و مانگرتن دەستی پێ كرد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پێشوازی شاندێكی دانیشتووانی ئەو خانووانە رایگەیاند كە پێویستە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و مافی ئەوان بێتە پاراستن.
ئەمڕۆ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە شاندێكی دانیشتووانی خانووەكانی گەڕەكی نەورۆزی كەركووك كرد، كە داوای چۆڵكردنی خانووەكانیان لێ كراوە، دووپاتی كردەوە كە پاڵپشتییان دەكات و كار بۆ نەفەوتانی مافەكانیان و نەهێشتنی ترس و نیگەرانییەكانیان دەكات.
لە بەیاننامەكەی نووسینگەكهی كه لەسەر زاری شاخەوان عەبدوڵڵاوه هاتووە، پێویستە كێشەكانی كەركووك بەشێوەیەكی ریشەیی چارەسەر بكرێت و هاووڵاتییانی پارێزراو بن، پێویستە دامەزراوە تەناهییەكان هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەموو رۆڵەكانی ئەو پارێزگەیە بدەن، جیا لە دابینكردنی سەقامگیری و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی هەوڵی یاریكردن بە ئاسایشی دەدەن، رێگریش لە پێشێلكاری بۆ سەر هاووڵاتییان و موڵكوماڵیان بكەن.
دوای ئەوەی لەماوەی رابردوو سوپای عێراق داوای چۆڵكردنی 122 خانووی لە خێزانە كوردەكان لە گەڕەكی نەورۆزی شاری كەركووك كرد، ناڕەزایەتی و ئاڵۆزی دروست بوو، ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیار درا بە پەلەنەكردن لە جێبەجێكردنی چۆڵكردنی خانووەكانی كۆمەڵگەی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی بەرگری، واتە كۆمەڵگەی واستی لە گەڕەكی نەورۆز لە شاری كەركووك، تا كاتی دەرچوونی راگەیاندنێكی نوێی ئەمینداریەتییەكە لەوبارەوە.




