وەزارەتی دارایی: پرۆژەی دروست کردنی (ھەژماری من) بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنیت كە تاكوو ئیستا نزیکەی 190 هەزار فەرمانبەر بەشدارییان لە پرۆژەی (هەژماری من) کردووە و زیاتر لە (6) هەزار فەرمانبەریش كارتی بانكیان لە رێی پڕۆژەی (هەژماری من) وەرگرتووەتەوە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراویكدا ئاماژەی بە ئەوە داوە، قۆناغی یەکەمی کارەکانی پرۆژەی (هەژماری من) لە سنووری پارێزگای هەولێر لە کۆتایدایە و لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا نزیکەی (190) هەزار فەرمانبەر لە سنووری پارێزگای هەولێر بەشداریان لە پرۆژەی هەژماری من کردووە.
ئاماژەی بە ئەوەش داوە، زیاتر لە (6) هەزار فەرمانبەر کارتی بانکیان وەرگرتووەتەوە و مانگی ڕابردووش نزیکەی (3) هەزار فەرمانبەر لەڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.
بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی وەک ئامادەکاری بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو ئێستا نزیکەی (50) ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە شاری هەولێر هەن و ژمارەیان لە زیادبووندایە، پێنج بانکی تایبەت بەشدارن لە پرۆسەکە کە بریتین لە ( بانکی جیهان و بانکی ئاشور و بانکی ئەهلی عێراقی و RT bank و bbac bank ) کە سەرجەم مەرجەکانیان تێدایە و لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە پەسەند کراون و چەندین بانکی تریش لەسەر هێڵن، تا ئێستا پرۆژەی دروست کردنی (ھەژماری من) بەبێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک بەڕێوەدەچێت و ئامادەکاریەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی (هەژماری من) لە پارێزگای دهۆک و سلێمانی لە قۆناغی کۆتایدایە.
پرۆژەی (هەژماری من) پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە هاوکاری وەزارەتی دارایی و ئابوری و بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق ئەنجام دەدرێت. ئامانج لە پرۆژەکە بنیاتنانی سیستەمێکی بانکی بەهێزە کە کەفەرمانبەران و مووچە خۆران تیایدا لە چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سودمەند دەبن و لە قۆناغی داهاتوشدا کارمەندانی کەرتی تایبەت دەبنە خاوەن (هەژماری من) .




