وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: مینحە بۆ ١٣ ھەزار کەمئەندامی دیکە خەرج دەکرێت
__2024_01_15_h19m40s38__HK.jpg)
بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە دیوانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەو فۆرمەی ئێستا بۆ کەمئەندامان پڕ دەکرێتەوە بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە، دەشڵێ: ناوی ١٣ ھەزار کەم ئەندامی دیکە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر خەرجکردنی مینحەی مانگانە بدرێت.
ھەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەو فۆرمەی ئێستا بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت پڕدەکرێتەوە فۆرمی ساڵانەیە و بۆ خستنەڕووی زانیارییە لەبارەی کەمئەندامان، لەبەر ئەوەیش پێویستە ھەموو کەمئەندامێک ئەو فۆرمە پڕبکاتەوە، ئەوانەی لەژیانیشدا نەماون مینحەی مانگانەیان ڕادەگیرێت.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: لە ھەرێمی کوردستان ٧٦ ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەت مینحەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت، بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی حکوومەت کە لە چوارچێوەی یاسادا ڕێکخراوە مینحە بۆ کەمئەندامان خەرج دەکرێت.
ھەوراز عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لیستێکی دیکەی کەمئەندامان کە ١٣ ھەزار ناوە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە، دوای پێداچوونەوە مینحەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.
قائید میرۆ




