گەشتوگوزارى هەرێم بۆ KDP: خواستى زۆر لەسەر گەشتوگوزارى زستانە هەیە

هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەى پلانی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەرەپێدانى کەرتى گەشتیارى، چەند ساڵێکە گەشتیاریی زستانە گرنگیى پێ دەدرێت و بۆ ڕاکێشانى سەرنجى گەشتیاران چەندان چالاکیى جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن، کۆى گەشتیارى ساڵیش ١٥% لە وەرزى زستاندا دێنە کوردستان.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "چەند ساڵێکە قۆناغى تاک وەرزى گەشتوگوزارمان بڕیوە، کوردستان گەیشتووەتە قۆناغى نیمچە بەردەوامى گەشتیارى، مایەى خۆشحاڵییە بە درێژایی وەرزەکانى ساڵ گەشتیاران ڕوو لە کوردستان دەکەن".
عەبدولمەجید دەڵێ: "ساڵانە لەگەڵ هاتنى وەرزى زستان ئامادەکارییەکانى خۆمان دەست پێدەکەین و چالاکیى جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین، بە تایبەتى چالاکییە سەرکێشییەکانى ناو بەفر لە چیاى کۆڕەک، حەسەن بەگ، پێنجوێن و دهۆک، بۆ ڕاکێشانى سەرنجى گەشتیاران، لە کۆى هاتنى گشیارانى ساڵیش ١٥% لە وەرزى زستاندا ڕوو لە کوردستان دەکەن".
گوتیشى: "چەندان چالاکیى تریش ئەنجام دەدەین لە وەرزى پایز و زستاندا، وەک فێستیڤاڵەکان، کە لە مانگەکانى ١١ و ١٢ی ساڵى ڕابردوو ڕیکۆردمان شکاند و ژمارەیەکى زۆر چالاکى لە سەرتاسەرى کوردستان ئەنجام دران، کە بەرهەمە خۆماڵى و کارە دەستییەکان نمایش دەکران و ئەمەش سەرنجى گەشتیاران ڕادەکێشت".
هێمایی بۆ ئەوەش کرد: "هەڵکەوتەى جیۆگرافیى کوردستان بۆ هەموو وەرزێک لە جۆرەکانى گەشتوگوزار گونجاوە، لە دەستەى گەشتوگوزار پلانێکى هەشت ساڵەمان هەیە، یەکێک لە تەوەرەکانى پلانى هەشت ساڵەمان، بریتییە لە پەرەپێدانى جۆرەکانى گەشتوگوزارى، دەمانەوێت ئەو شوێنانەى لە وەرزى زستاندا گەشتیاران ڕووى تێدەکەن و خزمەتگوزارییان نییە، خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت لە ڕێگەى دروستکردنى پڕۆژەى گەشتیارییەوە".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "لە ئێستادا خواستى زۆر لەسەر گەشتوگوزارى زستانە هەیە، دەمانەوێت سەرنجى گەشتیاران زیاتر ڕابکێشین، کوردستانیش لەسەر ئاستى ناوچەکە گونجاوە بۆ گەشتوگوزارى وەرزى زستانە، هەروەها چالاکییە سەرکێشییەکان خواستى گەشتیارانى نێودەوڵەتى لەسەرە، کە زیاتر لە ٢٥%ی گەشتیارانى کۆى ساڵ لە وڵاتانى ئەورووپا و عەرەبى و دەوڵەتانى دراوسێ پێکدێت".
عەزیز ڕەسووڵ




