ئەوانەی داوای چۆڵکردنی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز و عەرەفە دەکەن با زیادەڕۆکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لاببەن

ھەولێر _KDP.info_ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ دەڵێت: ئەوانەی داوا لە خێزانە کوردەکان دەکەن خانووەکانی ھەردوو گەڕەکی نەورۆز و عەرەفە چۆڵبکەن با بچن ئەو زیادەڕۆیانە لابدەن لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ درووستکراون.
دژوار فایق، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەوانەی داوای چۆڵکردنی ئەو خانوانە دەکەن لە خێزانە کوردەکان، کە لە ۲٠٠۳ەوە تێدا دەژیین لە گەڕەکی نەورۆز و عەرەفە بە بیانووی ئەوەی موڵکی حکوومەتی عێراقە، باشتر وایە بڕۆن ئەو تەجاوزاتانە لاببەن لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە کەرکووک و شارەکانی تری کوردستان لە سنووری ماددەی ۱٤٠ درووستکراون.
دژوار فایق گوتیشی: پێویستە حکوومەتی عێراقی و سوپاکەی ئەو تەجاوزاتانە لابدەن لەسەر موڵکی دەوڵەت کراون لە بەغدا و شارەکانی تری عێراق ئەوجا بێن باسی عەرەفە و گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک بکەن، بۆیە داوا دەکەم لە خێزانە کوردەکان لە کەرکووک و شارەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ با بچن داوای مافەکانی خۆیان بکەن لە حکوومەتی عێراقی، چونکە کۆمپانیای نەوت و گاز و سەربازگەکانی ڕژێم لەسەر خاکیی ئەوان دروستکراون، ئەگەر قەرەبووش کرابن قەرەبوویەکی کەم کراون، دڵنیام زۆربەی ھەرە زۆریان ھەر قەرەبوو نەکراون.
بڵند ئیبراھیم




