بە گوژمەی چوار ملیار و ٤٠٠ملیۆن دینار پڕۆژە لە کەلەکچی جێبەجێ دەکرێ

کەلەکچی _ KDP.info _ بەڕێوبەری ناحیەی کەلەکچی گوتی: لە ناحیەی کەلەکچی ڕەزامەندی لەسەر دوو پڕۆژەی گرینگ دراوە ئەنجامبدرێن بە گوژمەی چوار ملیار و ٤٠٠ملیۆن دینار، ھەر کاتێک ڕێکارەکان تەواوبوون دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.
ھەڤال محەمەد شەریف، بەڕێوبەری ناحیەی کەلەکچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەرنامەمان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ داناوە وەکو پلان بۆ ئەو پارەیەی بۆ ئێمە تەرخان دەکرێت، لەوانە پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی ٦٠ مەتری کە ڕەزامەندی لەسەر دراوە بە گوژمەی ٣ملیار و ٢٠٠ملیۆن دینار و چەندین پڕۆژەی دیکە، پڕۆژەیەکی دیکەش ڕەزامەندی ھەیە ئەویش ھۆڵێکی وەرزشییە بە گوژمەی ملیارێک و ٢٠٠ملیۆن دینار، کار دەکەین بۆ ئەوەی پردێکیش دروست بکرێت لە نێوان ئێمە و بەردەڕەش لەگەڵ ژمارەیەک پڕۆژەی ئاو و کارەباش، ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر دراوە شەقامی ٦٠مەتری و ھۆڵی وەرزشییە، مەزەندەی تێچووی ئەو دوو پڕۆژەیە چوار ملیار و ٢٠٠ملیۆن دینارە.
ھەڤال محەمەد شەریف گوتیشی، شەقامی ٦٠مەتری نزیکەی ٥کم دەبێت و زۆر پێویستە بۆ کەلەکچی، فەرمانگەکان دەکەونە سەر رێگاکە و سیمایەکی زۆر جوانیش دەداتە ناحیەکە ، بۆیە ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی ئەو شەقامە دراوە و ئێستا لەقۆناغی تەواوکردنی ڕێکارەکان دایە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بودجەمان بۆ تەرخان دەکات بۆ ئەوەی پڕۆژەی تازە بۆ کەلەکچی جێبەجێ بکرێن.
بڵند ئیبراھیم




