کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئالان حەمە سەعید و محەمەد شوکرى و ئومێد خۆشناو بەرێوەچوو

ههولێر-KDP.info- لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر قوتابخانە لە پارێزگای هەولێر دروست دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر راسپاردەى مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەچوارچێوەی گرنگیدانى کابینەی نۆیەم بە کەرتى پەروەردە و فێرکردن، کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزیری پەروەردە و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە پلان و ئەنجامدانى پڕۆژەى دروستکردنی چەندین قوتابخانە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەرێوەچوو.
لەکۆبوونەوەکەدا لە چوارچێوەى ئەو ئامادەکارى و پلان و بەرنامەیەى بۆ ئەمساڵ "2024" لەلایەن وەزارەتى پەروەردە و پارێزگاى هەولێر داڕێژراوە، بڕیاردرا بە دروستکردنى ژمارەیەکى زۆرى قوتابخانە بەپێى ئەو نەخشە و کوالێتیهى دیارى کراوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە تایبەتى لەو ناوچە و گەڕەک و شوێنە هەژارنشینانهى كه پێویستن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر راسپاردەى سەرۆکى حکوومەت و ئهولهویهتی کارى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کرایەوە، لە برەودانى زیاتر بەکەرتى پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان بەگشتی و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى، هەروەها دەستپێشخەرى و هەنگاوەکانى ئەو وەبەرهێنەر و خێرخوازانەش بەرز نرخێندرا کە لەساڵانى رابردوودا هاوکار و یارمەتیدەر و هەماهەنگکارى حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوونە لە ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش و دروستکردنى قوتابخانە.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە د. ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە و د. محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى حکوومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگاری هەولێر بەرێوەچوو.




