نێچیرڤان بارزانى و به‌ڕێز نوورى ئه‌لمالكى، دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2024/1/13 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له درێژه‌ى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له به‌غدا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نوورى ئه‌لمالكى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى ده‌وڵه‌تى یاسا، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدایان تاوتوێ كرد.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه ده‌بێ لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق، به هاریكارى و ته‌بایى، ڕووبه‌ڕووى ئاڵنگارییه‌كانى ئه‌م قۆناغه و دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر ببنه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ عێراق له ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌وه نه‌گلێت و هه‌مووان به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵات بپارێزن.
ده‌ر‌باره‌ى به‌رده‌وامیى گفتوگۆى حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به لێكگه‌یشتن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه به شێوه‌یه‌ك ماف و شایسته‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان پارێزراو بن.
هێرشه درۆنییه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و وڵاتانى دراوسێ، هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له غه‌ززه به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




