"لەڕێگەی حەوت تیمەوە ڕێگا سەرەکییەکانی دھۆک لە بەفر پاکدەکرێنەوە"

بەھۆی ھاتنی بەفر ڕێگای هەندێ ناوچەی پارێزگای دھۆک گیراون و تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر کردوونیانەتەوە، حەوت تیم ئامادەکراون بۆ ڕاماڵینی بەفر و کردنەوەی ڕێگا سەرەکییەکان.
کەمال محەمەد شەریف، بەرپرسی ڕاگەیاندنی چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: شەپۆلی بەفر بارین ژمارەیەک ناوچەی پارێزگای دھۆکی گرتووەتەوە و تیمەکانی حکوومەت بەردەوامن لە ڕاماڵینی بەفر، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی شەپۆلی بەفری ئەمجارە گرتوویەتیەوە، حەوت تیمی ڕاماڵینی بەفر بەردەوام لەکاردان بۆ ئەوەی ھیچ ڕێگەیەک نەگیرێت و ئاستەنگی ھاتوچۆ لەبەردەم ھاووڵاتییان دروست نەبێت.
بەرپرسەکەی چاککردنەوەی ڕێگاوبانی دھۆک دەشڵێت: زۆرترین ڕێژەی بەفربارین لە کانیماسی بۆ دەروازەی سەرزێڕێ بووە و ٥٠ سم بەفر لەو ناوچەیە باریوە، ئەمڕۆ نیوەڕۆ تیمەکانی ئێمە ڕێگای کانیماسی سەرزێڕێ کراوەتەوە و ئێستا ھیچ رێگایەک نەگیراوە بەھۆی بەفر بارینەوە.
کەمال محەمەد شەریف ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ تا شەو شەپۆلی بەفر بارین ژمارەیەک ناوچەی دیکەی پارێزگای دھۆک بگرێـتەوە، لەوانە پێشبینی دەکەین لە ناوچەکانی بێگوڤا و ئەترۆش بەفر ببارێت، تیمی حکوومەت ئامادەکراون بۆ ڕاماڵینی بەفر لەو ناوچانە.
قائید میرۆ




