جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە بۆ KDP: پڕۆژەکە تواناى لەخۆگرتنى ٤٠ هەزار تۆنی هەیە

هەڵەبجە-KDP.info- حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کابینەى نۆیەمدا هەموو هەوڵەکانى خۆى بۆ بەهێزکردنى کەرتى کشتوکاڵ دەست پێکردووە و لە ئێستادا کوردستان لە چەندان ماددەى خۆراکى و گۆشت گەیشتووەتە خۆبژێوى، لە پارێزگاى هەڵەبجەش دەست کراوە بە دروستکردنى سایلۆ و ١٠ گەنجینە، کە تواناى هەڵگرتن و خەزنکردنى گەنمى جووتیاران و ماددەکانى بایەعى هەیە، تێچووى پڕۆژەکەش ٢٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە.
کاوە عەلى، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانی ڕاگەیاند: "سایلۆى هەڵەبجە کارکردن تێدا دەستى پێکردووە لەسەر بودجەى ساڵى ٢٠٢٢ بە گوژمەى ٢٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، کە لەسەر ڕووبەرى ٥١ دۆنم زەوى دروست دەکرێت و پڕۆژەکەش تواناى لەخۆگرتنى ٤٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە، لەگەڵ بوونى پەنکەر کە ئەوانیش ٢٠ هەزار تۆن گەنم لەخۆ دەگرن، ئەمەش لە تواناى بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە زیاترە".
کاوە عەلى گوتیشى: "١٠ گەنجینەش دروست دەکرێن بۆ هەڵگرتنى ماددە خۆراکییەکان، کە بە تەواوبوونى ئەو گەنجینانە دەتواندرێت تەواوى ماددە خۆراکییەکانى بایەعی، ئەوەی کە پشکى پارێزگاى هەڵەبجەیە، بهێندرێنە ئەم گەنجینانە و لێرەوە بەسەر بریکارەکاندا دابەش بکرێت".
عەلى دەشڵێ: "کاتى تەواوبوونى پڕۆژەکە دوو ساڵە ئەگەر گرفتى نەیەتە پێش، بە تایبەتى گرفتى نەختینە، بۆ ئەوەش ڕێکار گیراوەتە بەر و ئێستاش کۆمپانیا لە ئیش بەردەوامە بە بێ کێشە، کە لەو سایلۆیە دەتوانرێت گەنمى دوو ساڵى جووتیاران وەربگیردرێت و خەزن بکرێت و گەنمى جووتیارانیش هیچ زیانى پێناگات".
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: "ساڵانە گۆڕانکارى بەسەر زیاد و کەمیى چاندنى ڕووبەرى گەنم لە هەڵەبجە دێت، کە ساڵانە نزیکەى ٧٠ هەزار دۆنم زەوى بە گەنم دەچێندرێت، ساڵانەش بەرزترین ئاستى بەرهەمی گەنمی جووتیارانى هەڵەبجە، ٤٥ هەزار تۆن گەنم بووە".
عەزیز ڕەسووڵ




