کەشناسی: بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت

ھەولێر-KDP.info- بەگوێرە پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 کاتژمێری داهاتوودا بارانبارین لە شارەکان و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومولەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بە درێژایی کاتەکان، لە زۆربەی ناوچەکاندا باران بارینی مامناوەند دەبێت رێژەی دابارین لە ناوچە شاخاوییەکان زیاترە بە بەراورد لەگەڵ سەنتەری شارەکان، هەروەها بەفر دەبارێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە شاخاویە سنوورییەکان، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی دوێنێ.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی کردووە، رۆژی یەکشەممە ئاسمان بە گشتی هەوری باراناوی دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە شاخاویە سنوورییەکان، لە دوای نیوەرۆە بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکاندا بە نمە باران و بارانی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت تا کاتەکانی شەو، پلەی گەرما بەرز دەبێت بە (1 - 3 ) پلەی سیلیزی بە بەراورد لە تۆمارکراوی ئەمڕۆ.




