پڕۆژەی دروستکردنی دەروازەی دیانای کۆن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕووی ھاووڵاتییاندا کرایەوە

سۆران _KDP.info_ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: پڕۆژەی دروستکردنی دەروازەی دیانای کۆن لە قۆناغی کۆتایی دایە و شەوی ڕابردوو بەڕووی ھاووڵاتییاندا کرایەوە، سیمایەکی جوان دەداتە ناحیەکە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھەژار حەکیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی لە ٢٩/١٠/٢٠٢٣ لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەژێر چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پڕۆژەی دەروازەی دیانای کۆن دەستیپێکرد کە ماوەکەی ھەشت مانگ بوو، بە پشت بەستن بە تواناکانی حکوومەت و ھەوڵەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران توانرا لە ماوەی سێ مانگ ٩٥%ی پڕۆژەکە تەواوبکرێت، شەوی ڕابردووش دەروازەکە بەڕووی ھاووڵاتییاندا کرایەوە و سیمایەکی شارستانییانەی داوەتە ناحیەی دیانە لە سۆران.
ھەژار حەکیم گوتیشی: بودجەی گشتی پڕۆژەکە ٣ ملیار دینارە و لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، پڕۆژەکە زۆر گرنگە و بەتەواو بوونی خزمەتی باشی ئەو ناوچەیە دەکات و سیمایەکی زۆر جوان دەداتە ناحیەی دیانا
بڵند ئیبراھیم




