ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆدەبێتەوە
__2024_01_10_h16m22s35__ER.jpg)
بڕیارە ڕۆژی شەممەی داھاتوو پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، یەکەم پڕۆژەی پارتیش ھەمواری یاسای بودجە دەبێت بۆ زامنکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە ڕۆژی شەممەی داھاتوو پەرلەمانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە و لە یەکەم کۆبوونەوەشدا تاوتوێی پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دەکرێت، ئەگەر لایەنەکانی سونە نەگەن بە ڕێککەوتن ئەگەر ھەیە کۆبوونەوەکە یەکدوو ڕۆژ دوابخرێت تا ڕێککەوتن دەکرێت لەنێوان لایەنەکانی سونە.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی عەرەبی سونەیە و پێویستە ئەوان کاندیدیان ھەبێت بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا لەناو خۆیان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر دیارکردنی کەسێک بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.
لەبارەی ھەموار یاسای بودجەی عێراقیش شێروان دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنە کوردییەکانیک یەکەم ھەنگاو و پڕۆژەمان ھەمواری یاسای بودجەیە بۆ ئەوەی زامنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بێگومان بە ڕێککەوتن لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەمواری یاساکە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
قائید میرۆ




