بریکاری وەزارەتی بازرگانی: ھەوڵدەدەین ئەمساڵ بەغدا ھەموو گەنمی جووتیارانی ھەرێم وەربگرێت

ھەولێر _KDP.info_ بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: تا ئێستا ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ دیار نەکراوە، بەڵام حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی بازرگانی لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھەموو گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرن، چونکە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرھەمی گەنم زۆر باش بیت.
سەروەر کەمال ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەردەوام ھەوڵدەدەین بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق تەواوی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت، تا چەند حکوومەت دەچێتە ژێر باری داواکاری ئێمە لەسەر ئەوان دەمینێت، چونکە ئەوان ڕێژەکە دیار دەکەن، پار ٣٢٥ھەزار تەنی دیار کرد و دواتر کردیانە ٣٧٥ھەزار تەن و دواتر بە ھاتنە سەر خەتی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرایە ٥٠٠ھەزار تەن، بەڵام ئەمساڵ هێشتا بڕیار نەدراوە و بەردەوام لەھەوڵداین بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھەموو گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.
سەروەر کەمال ھاواری گوتیشی: بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ بەرھەمێکی باشی گەنم چێندراوە و بارانی باش باریوە چاوەرێ دەکرێت بەرھەمێکی باشی گەنممان ھەبێت، لەبەر ئەوەی ساڵی ڕابردوو دوای ڕادەستکردنی گەنم پارەیان وەرگرت و ئەوانیش گەنمێکی زیاتریان چاندووە، بۆیە ئێمەش ھەوڵدەدەین ھەموو گەنمیان لێوەربگرن، چونکە بەڕێژە لێیان وەردەگرین، ئەو ڕەسیدەی تۆماریش دەکرێت کەمتریان لێ وەردەگرن، بۆیە ئەوەی حکوومەتی عێراق دەیکات جیاوازیی کردنە لەنێوان ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق، ئەوان بیانوویان ئەوەیە یەک دوو پارێزگا باس دەکەن کە بەڕێژە بۆیان داناون و ھەندێک ساڵ بەکراوەیی لێیان وەردەگرن، بەڵام بۆ ھەرێم ڕێژەکە دیارکراوە، بۆیە جارێ دیار نەکراوە و ھەوڵەکانی حکوومەت و وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵیش بەردەوامە بۆ ئەوەی تەواوی گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.
بڵند ئیبراھیم




