زێباری بۆ KDP: ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین.. وەزارەت دەبێتە خاوەن کۆمەڵێک فیرقە

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەمکردنەوەی بەشە بودجەی پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریکاوە، ھیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازییەوە نییە، چونکە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و بەپێی بەرنامەی دیاریکراو بە بێ دواکەوتن پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت.
بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە گوایە ئەمەریکا بە ھۆی پابەندنەبوونی وەزارەتی پێشمەرگە بە پرۆسەی چاکسازییەوە بەشە بودجەی کەم کردووەتەوە، ڕاست نین، چونکە ئەمە نەک تەنھا پێشمەرگە، بەڵکو لە عێراقیش کەمی کردووە و پەیوەندی بە خۆیانەوە ھەیە، ئێستاش پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت و ھێزەکان یەک دەخرێن و فیرقەیەک لە تەواوبووندایە و ئەوەی دیکەش کاری تێدا دەکرێت و بەم زووانە تەواو دەبن، بۆیە بەرنامەیەکی باش دانراوە و کاری باشی بۆ دەکرێت، کە قۆناغی یەکەم دوو فیرقە تەواو دەبن و دواتریش فیرقەی دیکە دروست دەکرێن و وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە خاوەن کۆمەڵێک فیرقە.
زێباری باسی لەوەش کرد، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، تاوەکو سەرجەم ھێزەکان یەک دەخرێن، چونکە بەرنامەیەکی زۆر باش دانراوە و بە بێ دواکەوتنیش بەرنامەکە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت و ھەنگاوی زۆر باش نراون.
دەشڵێ، ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بەردەوام دەبن و خۆشیان باسیان لەوە کرد کە لە عێراق دەمێننەوە و بەردەوام دەبن، زۆریش پێویستە ئەو ھێزانە لە عێراق بمێننەوە ، چونکە جارێ عێراق پێویستی بە ھێزی ھاوپەیمانان ھەیە.
بڵند ئیبراھیم




