٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ٣ بۆ KDP: شاندێکی یەکێتی بۆ پیرۆزباییکردن سەردانی ئێمە دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لەسەر ئاستی باڵا گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک ئەنجام دەدرێت و دەشڵێ: "ئێمە ھاوکار دەبین، بەڵام ھەر کاتێک ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بە فەرمی راگەیەندرا، دەست بە دانوستان دەکرێت و لە ماوەی مانگێکدا حکوومەتی خۆجێیی پێک دەھێندرێت".

بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، محەمەد کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای کردنەوەی بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، حیزبەکان بۆ پیرۆزبایی سەردانمان دەکەن و ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی بۆ پیرۆزباییکردن سەردانی ئێمە دەکەن، بەڵام بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی، لەسەر ئاستی باڵا گفتوگۆ دەست پێدەکات و ئێمەش ھاوکارییان دەکەین، بۆیە سەرەتا لەسەر ئاستی باڵا پێویستە لێکتێگەیشتن ھەبێت و گفتوگۆکان دەست پێبکەن".

محەمەد کەمال گوتیشی: "ئێمە پێمان گرنگە کە لە کەرکووک کورد یەکدەنگ و یەکگرتوو بێت، بەڵام ھێشتا بە فەرمی ئەنجامەکان رانەگەیەندراون و چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی فەرمین و دواتر دەست بە گفتوگۆ دەکرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک و لە ماوەی مانگێکدا پێویستە حکوومەت پێکبێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار