سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له شاندێكی هاوپه‌یمانان كرد

ھەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2024/1/9 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ جۆوڵ ڤاوڵ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هاریکاریی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى تیرۆر و له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كیى داعش، یارمه‌تیدانى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه به مه‌شق و ڕاهێنان و ڕاوێژى سه‌ربازى، هه‌ڕه‌شه‌كانى تیرۆر له عێراق و سووریا و له ناوچه‌كه به‌گشتى، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له پاراستنی هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و نێرده دیپلۆماتییه‌كان له عێراق كرده‌وه و هاوڕا بوون كه سه‌قامگیریى عێراق بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه پێویسته و ده‌بێ هیچ ده‌رفه‌ت نه‌درێت تیرۆر سه‌رهه‌ڵبداته‌وه، هه‌روه‌ها باسیان له هێرشه درۆنییه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان کرد.
دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان، یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، ئاڵۆزییه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له غه‌ززه و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكاران و به‌رپرسانى سه‌ربازى، ئاماده‌ى بوون.




