مەسروور بارزانی پیرۆزبایی لە د. عەلی قەرەداغی دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە د. عەلی قەرەداغی دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە مهسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. عەلی قەرەداغی، پیرۆزبایی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانان و هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی یەکێتییەکە لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لەپێناو خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلانی ستەملێکراو لەنێویشیاندا گەلی کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانان، سوپاس و پێزانیی خۆی و یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانانی بۆ پەیوەندیکردن و پیرۆزبایی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دەربڕی.
لە شەشەمین کۆنگرەی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو، د. عەلی قەرەداغی بە دەنگی 91%ـی بەشداربووانی شەشەمین کۆنگرەی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان بەدەستهێنا و بە سەرۆکی یەکێتیەکە هەڵبژێردرا کە پێشتر یوسف قەرەزاوی تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد لەو پۆستەدا بوو.




