د.به‌شیر حه‌داد: له‌ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی شه‌ڕی گرووپه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا عێراق ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕێكی ناوخۆیی ده‌بێته‌وه

جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باس له شه‌ڕی درۆن له عێراق ده‌كات و پێی وایه ناكرێت خاكی عێراق به‌كاربهێنرێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌ناوچه‌كه هه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌وه له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی عێراق ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕێكی ناوخۆیی ده‌بێته‌وه.
د.به‌شیر حه‌داد بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئه‌وه‌ی ئێستا له عێراق ده‌گوزه‌رێت شه‌ڕی ده‌وڵه‌ته له خاكی عێراق، ناكرێت عێراق ببێته وه‌كیلی ئه‌م شه‌ڕە، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌مێژه شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ململانێیانه هاتوون خاكی عێراقیان به‌كارهێناوه هه‌ربۆیه له‌ماوه‌ی دوای شه‌ڕی غه‌زه ده‌بینرێت جۆرێك له نائارامی له ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت له عێراق هه‌یه و ئیستاش شه‌ڕی دڕۆنه‌كان له عێراق په‌یوه‌ندی به عێراقه‌وه نییه و ناكرێت گۆڕه‌پانی عێراق بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕه به‌كاربهێنرێت، ئەوه‌ی مه‌ترسیدارە ئه‌وه‌یه گروپه جۆراوجۆره‌كان ده‌یانه‌وێت ئامانجی ئه‌و شه‌ڕه بگۆڕن بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و گرووپانه كه‌وتونه‌ته ناو شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌وه و عێراق به‌ره‌و نه‌هامه‌تی گه‌وره ده‌به‌ن، شه‌ڕەكه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكایه كه خودی ئه‌مه‌ریكا خۆی سیسته‌می عێراقی داناوه ئه‌م گروپانه ده‌یانه‌وێت به‌م هێرشانه ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكشێته‌وه به‌ڵام دیاره کشانەوەی ئەمەریکا ئاسته‌مه، هه‌ربۆیه ده‌رەنجام ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕه‌وته به‌رده‌وامبێت عێراق تووشی شه‌ڕێكی خوێناوی ده‌بێت.
له‌باره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی 54 واژۆ له په‌رله‌مانی عێراقه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بچنه ده‌ره‌وه د.به‌شیر حه‌داد گوتی: بابه‌تی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق په‌یوه‌ندی به په‌رله‌مانیشه‌وه نییه ده‌نا له ساڵی 2019 په‌رله‌مان بڕیاری دا به كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان له عێراق به‌ڵام نه‌كرا، بۆیه ئیستاش ئه‌م كۆكردنه‌وه‌ی واژۆیانه بۆ ده‌كردنی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بێ سوده، ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به حكوومه‌ته‌وه هه‌یه چونكه بوونی هێزی بیانی له‌سه‌ر خاكی عێراق په‌یوه‌ندی به‌ڕێككه‌وتنی سیاسی ئه‌و هێزانه‌وه هه‌یه كه پێشووتر له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كرا، ئه‌گه‌ر هاتوو حكوومه‌تی عێراق بڕیاریدا به‌ده‌رچوونی هێزه بیانییه‌كان له عێراق ئه‌و كاته ده‌رده‌چن، له ئه‌گه‌ری ده‌رچوونیان له عێراق پێم وایه دۆخی عێراق ته‌واو ده‌شێوێت و له‌كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت.




