ئەمڕۆ ٤٥ ساڵ بەسەر ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی تێپەڕدەبێت

ھەولێر _KDP.info_ ئەمڕۆ ٤٥ ساڵ بەسەر ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانیدا تێپەڕدەبێت، لەساڵی ١٩٧٩ لە ڤیەننا ڕژێمی بەعس ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانیاندا، بەڵام لە ھەوڵەکەیان شکەستیان ھێنا، سیاسەتمەدارێکی کوردیش دەڵێت: لەبەر ئەوەی ڕۆژبەڕۆژ پێگەی سەرۆک بارزانی و پارتی لە ناوخۆ و دەرەوە بەھێز دەبوو و تەنھا پارتیش داوای مافی کوردی دەکرد ئەمە وای کردبوو، ڕژێمی بەعس بە ھەموو شێوەیەک دژایەتی سەرۆک بارزانی و پارتی بکەن.
دکتۆر ناسح غەفور، سیاسەتمەداری کورد و پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: نەیارانی ئێمەی کورد لە عێراق ھەمیشە ھەوڵیانداوە سەرکردەکانمان تیرۆربکەن پێشتر ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و دواتریش سەرۆک بارزانی، بۆیە عێراق بەشێوەیەکە ھەرکاتێک لاواز بێت داوای گفتوگۆ و ڕێککەوتن دەکات، بەڵام کە بەھێز بوون ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئێمە دەدەن، ئەوکاتیش ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی درا شۆڕشی گوڵان دەستیپێکرد و ڕۆژبەڕۆژ پەیوەندییەکانی پارتی لە ناوخۆ و دەرەوە زیاتر دەبوو و بەھێزتر دەبوو، بۆیە ئەوان پێیان خۆش نەبوو، دەیانزانی پارتی بەسەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی سازش لەسەر مافی کورد ناکات و لەگەڵ ڕژێم ڕێکناکەون وەکو حزبەکانی دیکە، بۆیە ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانیاندا، چونکە پێگەی سەرۆک بارزانی ئەوکاتیش زۆر بەھێز بوو، تەنھا پارتی و بارزانی داوای مافی کوردیان دەکرد.
دکتۆر ناسح غەفور گوتیشی: بەھۆی ئەوەی سەرۆک بارزانی پێگەیەکی بەھێزی ھەبوو ڕژپمی بەعس ویستی لە ڤیەننا ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی بدەن و کورد سەرنەکەوێت بەڵام دواجار شکەستیان ھێنا و سەرنەکەوتن چونکە دەیانزانی سەرۆک بارزانی جێگەی متمانەی کورد و وڵاتانیش بوو، ھەر بۆیە دەیانویست سەرۆک بارزانی نەمینێت.
جگە لەوەش سەرۆک بارزانی لە کتێبی " بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد"دا باسی ھەوڵی تیرۆرکردنی خۆی دەکات و دەڵێت، ھەوڵی تیرۆرکردنم لە ڤیەننا مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٨، لە لەندەنەوە سەردانی ڤیەننامان کرد و لە بارەگای لق شوێنی مانەوەمان بۆ دەستەبەرکرا، لە ڤیەننا ڕۆژانە چاومان بە خەڵک دەکەوت سەبارەت بە ڕێکخستن و شۆڕش و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتی لە ئەورووپا. دواتر بڕیارم دا، ڕۆژی ٩ـی کانوونی دوومی ١٩٧٩ سەردانی پاریس بکەم بە مەبەستی بینینی ئیمام خومەینی، من دەمویست چاوم بە فارس باوە بکەوێ، کەسیش ئاگادار نەبوو کە ئێوارەی ڕۆژی ٨ـی کانوونی دووەمی ١٩٧٩ چاوم بە فارس باوە دەکەوێت، چونکە پێشتر چەند جارێک داوای کردبوو بیبینم، بەڵام ھەڤاڵان پێیان باش نەبوو ناوبراو ببینم، مەبەست لە دیدار لەگەڵ فارس باوە ئەوەبوو کە زانیاریم بۆ ھاتبوو گوایە ناوبراو زانیاریی لەسەر ئەو کەسانە ھەیە کە ساڵی ١٩٧٥ لە نەغەدە تەقەیان لە مام (بابۆ) کردبوو ھەوڵی تیرۆرکردنیان دابوو، بۆیە ھەوڵم دا فارس ببینم، بۆ ئەوەی زانیاری تەواو لەسەر ئەو کەس و بابەتەم بۆ باس بکات.
سەرۆک بارزانی باس لەوەش دەکات ، ئێوارەی ڕۆژی ٨ـی کانوونی دووەمی ١٩٧٩ حەمە ڕەزا و ئازاد بەرواریم ئاگادار کردەوە کە پێکەوە سەردانی ماڵی پیرۆت ئەحمەد بکەین، لە ڕێگەدا پێم گوتن کە بە نیازم فارس ببینم، زۆر پێداگرییان کرد بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە، بەڵام بە قسەم نەکردن ، کاک پیرۆت لە شوقەیەکدا ژوورێکی ھەبوو تا نەگەیشتینە بەر دەرگای ئاگاداری چوونەکەمان نەبوو، لە ژوورەکەی بە کاک پیرۆتم گوت بە تەلەفۆن فارس ئاگاداربکەوە بۆ ئەوەی یەکتر ببینین، لەسەر داوای ئێمە تەلەفۆنی کرد و پێی گوت: فارس تا ئێرە وەرە، چونکە پەیامی برادەرەکم پێیە، بەڵام باسی نەکرد کە من لەو شوێنەم دوای سی خولەک فارس و عەبدولخالقی برای خێزانی ھاتنە لامان، لە دیدارەکەدا بە تەنیا لە فارسم پرسی، ئایا دەزانیت کێ ئەنجامدەری ڕووداوەکەی نەغەدەیە؟ ناوبراو سوێندی خوارد کە زانیاریی لەسە نییە و منیش بڕوام کرد کە زانیاری لەم بارەیەوە نییە، دوای تەواوبوونی دیدارەکە خۆم ئامادەکرد بۆ ڕۆیشتن و پێم گوت، فارس با بڕۆین، بەڵام ناوبراو سوێندی دام کە جارێ خۆمان بگرین، با برادەران سەیرێکی دەرەوە بکەن، دواتر بڕۆین ھەریەکە لە حەمە ڕەزا و ئازاد بەرواری و پیرۆت و عەبدولخالق چوونە دەرەوە و من و فارس باوە بە تەنیا ماینەوە چەند خولەکێک دوای ڕۆیشتنی برادەران تەقە دەستی پێکرد، لە کاتی چوونی ھەڤاڵان بۆ خوارەوە ئۆتۆمبێلێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە دەرەوە چاوەڕێی دەکردن دوو کەس لێیان ھاتنە پێشەوە وایان زانیبوو کاک ئازاد منم و دەمانچەیان خستە سەر سەری ، بەڵام خۆشبەختانە فیشەکەکە نەتەقی و چروکی کرد، ھەتا کەسەکە دەمانچەی سوارکردبوووە ھەڤاڵان چەند مەترێک لێ دوورکەوتبوونەوە، بەڵام تەقەکە بەردەوام بوو دوای ئەو ڕووداوە ھەڤاڵان گەڕانەوە ژوورەوە و کاک پیرۆت و کاک ئازاد برینداربوون، حەمە ڕەزا دەمانچەیەکی دەنگی پێ بوو، تەقەی کرد ھێرشبەرەکان وایان زانیبوو دەمانچەکەی ڕاستییە، بۆیە ڕایان کرد و ھەوڵیان دا خۆیان ڕزگار بکەن، پیاوکوژەکان نەیانزانیبوو کە من ھەر لەسەرەوەم، ئەگینا دەھاتنە سەرەوە و ھەموومان دەکوژراین، چونکە ھیچمان پێنەبوو ، تەنانەت چەقۆیەکیشمان لا نەبوو تا بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین دوای چەند خولەکێک پۆلیس ھات و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و خۆم پێ ناساندن و دوای ناسین ڕێزێکی زۆریان گرتین و پاسەوانیان بۆ دابین کردین لە لێکۆلینەوەکەدا لێیان پرسیم ئایا سکاڵا لەسەر فارس تۆمار دەکەیت، گوتم نەخێر سکاڵا لەسەر ڕژێمی بەعس تۆمار دەکەم، دوای ئەو ڕووداوە بەرنامەی سەردانەکەم بۆ پاریس گۆڕانی بەسەردا ھات و نەکرا.
جێی ئاماژە پێکردنە (بارزان)ـی برای سەددام ، خۆی ھاتبووە ڤیەننا بۆ جێبەجێکردن و سەرپەرشتیی پیلان و ھەوڵی تیرۆرکردنەکەم، من دەمزانی کە ماوەیەکی زۆرە بوومەتە ئامانج و لێدان یان تیرۆرکردنم لە بەرنامەی ڕژێمدایە و بۆیان بکرێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت لە تیرۆرکردنم دەست ناپارێزن، بۆیە منیش بە وریایی و لەسەرخۆ دەجوڵامەوە و لە ھاموشۆ و بینینی خەڵکدا وردتر بووم و ئاگاداری خۆم بووم.
بڵند ئیبراھیم




