٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ KDP: ٢٢ ھەزار کەس فۆڕمیان بە ھەڵە پڕکردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بە ھۆی ناشارەزاییەوە، ٢٢ ھەزار فۆڕمی کرێنشینان بە ھەڵە پڕکراونەتەوە و دەڵێ، تا کۆتایی مانگ دەرفەت لە بەردەم کرێنشینانە بۆ راستکردنەوەی فۆڕمەکانیان.

مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کۆتا وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی کرێنشینان، کۆتایی مانگی رابردوو بوو، بەڵام بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری ھاووڵاتی سوودمەند بن و ژمارەیەکی زۆری فۆڕمیش بە ھەڵە پڕکراونەتەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وادەی پێشکەشکردنی فۆڕمەکانی درێژ کردەوە بۆ کۆتایی ئەم مانگە، واتە ھاووڵاتیان دەتوانن تا کۆتایی مانگ فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون پڕ بکەنەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت: "تا ئێستا ٢٣ ھەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام ٢٢ ھەزار فۆڕم بە ھەڵە پڕکراونەتەوە و دەرفەت لە بەردەم ئەو کەسانەیە کە فۆڕمیان بە ھەڵە پڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی دووبارە فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە و بە ھەڵەکاندا بچنەوە".

مەریوان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دوای قۆناغی پێشکەشکردنی فۆڕمی یەکەی کرێنشینان، دەست بە پاکسازی دەکرێت و بەپێی مەرجی پێویست ئەوانەی مەرجیان تێدایە، تیروپشک بۆ ناوی کرێنشینان دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوونی یەکەکان دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت، حکوومەتیش دەیەوێ زۆرترین ھاووڵاتیی ھەژار و کرێنشین سوودمەند بن".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار