٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سکرتێری یەکێتیی ئافرەتان ھێڵی سەرەکیی کارکردنیان بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رایگەیاند، وەکو یەکێتی ئافرەتان لەسەر دوو ھێڵی گشتی کار دەکەن، کە ئەوانیش پرسی نیشتیمانی و پرسی یەکسانین. دەشڵێ، بڕیارە لە ماوەی داھاتوودا کۆببنەوە و پلان و بەرنامەیەکی ستراتیژی بۆ کارکردن دابنێن.

زیبا تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، دوای ئەنجامدانی کۆنگرە و ھەڵبژاردنی سەرۆک و دەستەی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، کار لەسەر دوو ھێڵی گشتی دەکەین، ئەوانیش پرسی نیشتیمانی و پرسی یەکسانین، پرسی نیشتیمانی ئێمە ھەمووان لەسەری کۆکین وەکو حیزب و حکوومەت و رێکخراوەکانیش، بۆیە ئێمە کاری لەسەر دەکەین و پرسی دووەمیش یەکسانییە، کە ئەویش خۆی لە دوو بابەتدا دەبینێتەوە، کە بریتین لە تواناسازی و توانادارکردنی ئافرەت و پێگەیاندنیان و هەروەها پرسی یەکسانی بۆ نەھێشتنی توندوتیژی".

سکرتێری یەکێتیی ئافرەتان گوتیشی: "بابەتەکانی دیکەش بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر کاریان لەسەر بکەین، لەگەڵ ستافی تازە پلانێکی ستراتیژی بۆ قۆناغی داھاتوو دادەنێین و کاری لەسەر دەکەین، بۆیە تازە سەرەتای کارکردنمانە و لە داھاتوودا دانیشتنمان دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە ھەموو بوارەکاندا خزمەتی زیاتر بکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە لای ئێمە، هەردوو پرسی نیشتیمانی و یەکسانی، دوو ھێڵی سەرەکیی کارکردنمان دەبن".

تەھا باسی لەوەش کرد: "ئێمە شەش بەشمان ھەیە و کۆمەڵێک ئۆرگان و دۆسیەی دیکەمان هەن، ئەوانەش ھەمووی کاریان لەسەر دەکەین، بەڵام ئەوەی لەناو پەیڕەوی خۆماندا جێگیر کراوە، ئەو دوو ھێڵەن کە ئاماژەمان پێکردن، بۆیە لە داھاتوودا بەرنامە و پلانێکی ستراتیژیمان بۆ کارکردنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەبێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار