مامۆستایانی کەرکووک بۆ KDP: ئەوان دەیانەوێت دژایەتیی ئاڵای کوردستان بکەن

کەرکووک-KDP.info- پەروەردەی کەرکووک بڕیاری داوە کە نابێت ھیچ قوتابخانەیەکی کوردی ئاڵای کوردستان ھەڵبکەن و ئەوەی ئەو کارەش بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنە بەر، مامۆستایانیش لە سنووری کەرکووک باس لەوە دەکەن، ئەو بڕیارە تەنھا دژی کورد دەردەکرێت و ئەگەر نوێنەرانی کورد ھەڵوێستیان نەبێت و بێدەنگ بن، چاوەڕێی ھەڵوێستی مەترسیدارتر بەرامبەر بە کورد دەکرێت.
مامۆستا محەمەد فوئاد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە پەروەردەی کەرکووک - خوێندنی کوردی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیاری قەدەغەکردنی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لە ناوەندەوە دەرچووە و گشتاندن دەکرێت بۆ ئەوەی ھەمووان جێبەجێی بکەن و ئەمساڵ بڕیارەکە دراوە و چاوەڕێ دەکەین، کە ئایا خوێندنی تورکمانی تا چەند پابەندی بڕیارەکە دەبن و ئەوان لە ژووری خۆشیان ئاڵای خۆیان ھەڵداوە و بۆ ئێمەش رێگری دەکەن، چونکە ئەو بڕیارە بەڕێوەبەری گشتیی تازەی پەروەردە داویەتی و زیاتریش مەبەستیان ئەوەیە خۆیان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی لە بۆنەکاندا رێگە نەدەن ئاڵای کوردستان ھەڵبکرێت، چونکە ئەمساڵ لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ئاڵای کوردستان و عێراقمان پێکەوە ھەڵکرد، کە لە سنووری کەرکووک ٥٠٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردیمان ھەیە و ئەوان دەیانەوێت دژایەتیی ئاڵای کوردستان بکەن و لەسەر ئەو قوتابخانانەی ئاڵای کوردستان ھەیە، نەمێنێت، بۆیە گرنگە نوێنەرانی کورد بێنە سەر هێڵ و رێگری لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بکەن".
لای خۆشیەوە، مامۆستا ئەحمەد لەتیف، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوەندیی شێخ مەحموود لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "خەڵکانێک سکاڵایان تۆمار کردووە بەوەی ئاڵای کوردستان بە بێ ئاڵای عێراق ھەڵدەکرێت و ئەوانیش بڕیاریان داوە نابێت ئاڵای کوردستان بە ھیچ شێوەیەک ھەڵبکرێت، جارێ بڕیار دەرچووە و چاوەڕێ دەکرێت لەم ھەفتەیەدا گشتاندنی بۆ بکرێت و بڕیارە ئەوەی جێبەجێی نەکات، وەکو سەرپێچی یاسایی حیسابی بۆ بکەن، کە ئاڵای کوردستان فەرمییە، بۆیە ئەوەی دەکرێت بڕیارێکی تاکەکەسییە و لە داخلەدڵییان بەرامبەر بە کورد ئەو بڕیارەیان داوە، دەشیانەوێ بزانن ئاخۆ کورد بەرگری دەکات یان نا، بۆیە پێویستە بەرگری بکەین و ئەوەش ئەرکی ھەر تاکێکی کوردە، چونکە ئەمە سەرەتایەکی مەترسیدارە ئەگەر رێگەیان پێ بدرێت، بۆیە ئەگەر ئەوەمان بەسەردا تێپەڕێت، دەبێ چاوەڕێی ھەڵوێستی خراپتر بکەین".
ھەر لەو بارەیەوە، مامۆستا سەرههد حەمید ساڵەیی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوەندیی پیرەمەگروون لە پردێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "من خۆم لە پردێم و قوتابخانەمان لەوێیە، حەشدەکان بەردەوام دەسووڕێنەوە و رێگە بە ھیچ قوتابخانەیەک نادەن ئاڵای کوردستان ھەڵبکەن و من خۆم لە قوتابخانەکەمان ژووری خۆمانم ھەمووی کردووە بە ئاڵای کوردستان، بەڵام بۆ تورکمان ئاساییە و ئەوان بە ئاشکرا ئاڵای خۆیان ھەڵدەکەن و تەنھا دژایەتیی کورد دەکەن و ناتوانن بەرامبەر تورکمان ئەمە بکەن، تەنانەت ئەوان ئاڵای حیزبیش ھەڵدەکەن، بۆیە گرنگە نوێنەرانی کورد بێنە دەنگ و رێگری لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بکەن".
بڵند ئیبراھیم




