هاووڵاتیان له ڕێگهی KDPیهوه پێشوازی لە پەیامەکەی پارتی دەکەن

ھەڵەبجە-KDP.info- چالاکوانان و هاووڵاتیان داوای یەکگوتاری و یەکڕیزی دەکەن و ھاوکات پێشوازی دەکەن لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان كه بەبۆنەی ھاتنی ساڵی تازەوه ڕیگهیاند و داوای لە گشت ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان كرد بەرژەوەندیە باڵا نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان لەسەرووی ھەموو شتێکەوەبێت و یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلی کورد بپارێزن.
شەھێن عومەر، چالاکوانی مافەکانی ئافرەتان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی حزبی نەتەوەیی و کوردستانیە، ھەمیشە پێشەنگە بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی، وەک ھەمیشە دەستپێشخەریەکەی پارتی نەتەوە دۆستی دەسەلمێنێ کە ئامانجی یەکڕیزی و یەکگوتارییە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری کوردستان".
ناوبراو گوتیشی: "ھەر کاتێکیش نەمان توانیبێت نێوماڵی خۆمان ڕێکبخەین بێگومان شکستمان ھێناوە، بۆیە گرنگە لەم بارودۆخە ھەستیارەی ڕووی لەناوچەکەمان کردووە بەدەنگ داواکەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بێین و ھەموومان یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی بنەمای کارکردنمان بێت".
شاد حەمەمین، كه گهنجێكی ھەڵەبجەیه، لەوبارەوە دەڵێت: "بەدرێژایی مێژووی خەباتی کورد بۆ بەدەستھێنانی مافەکانمان، ئەو کاتە بەھێز بووین و گەشتووین بە ئامانجەکانمان کاتێک یەکڕیز و یەکدەنگ بووبین، ئێستاش ڕێک ئەو کاتەیە پێویستە ھەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان یەکدەنگی و یەکڕیزی بکەن بە ئەولەویەتی کارکردنیان، بەھۆی بوونی ئاماژەیەکی ھەستیار لە ڕووی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەناوچەکەدا و ھێرشی دوژمنان و گرووپە لەیاسا دەرچووەکان بۆ سەر کوردستان، ئاماژەیەکی مەترسیدارن بۆ داھاتووی کوردستان".
ھەروەھا دەشڵێت: "لەم دۆخە ھەستیارەدا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک چۆن بە درێژایی مێژوو داوای یەکڕیزی و یەکدەنگی لەلایەنە سیاسیەکانی کوردستان کردووە، ئێستاش وەک زەرووریەتێکی پاراستنی دەستکەوتەکانمان داوای لەگشت ھێزوو لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەمان و یەکڕیزیمان لەسەرووی ھەموو شتێکەوەبێت، گرنگی و مانەوەمان بەندە بە پێکەوەییمانەوە، بۆیە گرنگە لەم کاتەدا بۆ مانەوەمان سوود لە ڕابردوومان وەربگرین، چونکە مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت ھەر کاتێک پێکەوە بەیەک وتار و ھەڵوێست بۆ ھەر ئامانجێک ھەنگاومان نابێت سەرکەوتوو بووین".
ھەروەھا کاروان کەریم، چالاکوانی مهدهنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: "ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و ھەندێ سازش لەپێناوی دۆزی کورد بکەن ئەوا حکوومەتی عێراق ئەوەندە بەھێز نیە تاوەکو بتوانێت زوڵم لە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بکات".
عهزیز ڕهسوڵ




