٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری شارەوانی دووی ھەولێر: ئەمساڵ ژمارەیەک گەڕەکی نوێ زیاد دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسێکی شارەوانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمساڵ سێ گەڕەکی نوێ لە سنووری شارەوانی دووی ھەولێر زیاد دەکرێن، دەشڵێ: بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی بابەتی دروستکردنی بورجی خەلیفە لە گەڕەکی گردجووتیار ڕۆژی دووشەممە خاوەن زەویەکان سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی دەکەن.

ئەندازیار ئارم ڕەسول، بەڕێوەبەری شارەوانی دووی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری شارەوانی دووی ھەولێر ژمارەیەک گەڕەکی نوێ لە ساڵانی ڕابردوو دروست کراون و دەیان ھەزار پارچە زەویش لە سنووری شارەوانیمان دابەش کراون، بەڵام بەشێک لەو زەویانەی دابەشکراون تا ئێستا خزمەت گوزارییان بۆ دابین نەکراوە و مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان بۆ دەرنەکراوە.

بەڕێوەبەری شارەوانی دوو گوتیشی: ئەمساڵ ژمارەیەک گەڕەکی نوێ لە سنووری ھەولێر زیاد دەکرێن و دەکەونە سنووری شارەوانی دوو لەوانەش گەڕەکی مەریوان کە بە قەرەبووی گوندی کۆری ناسراوە، ھەروەھا مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بە گەڕەکی کەڕک دەدرێت لە ڕێگای بەحرکە و گەڕەکی گەزنەی نوێش ئاوەدان دەکرێتەوە و مۆڵەتی دروستکردنی خانووی بۆ دەرکراوە.

لەبارەی دروستکردنی بورجی خەلیفە لە گەڕەکی گردجووتیاری ھەولێر ئەندازیار ئارام ڕەسول دەڵێت: ھێشتا بڕیاری پێدانی مۆڵەتی خانوو بۆ زەویەکانی گردجووتیار دەرنەچووە و دروستکردنی بورجەکەش لە چوارچێوەی کارەکانی وەبەرھێنانە، بڕیارە رۆژی دووشەممە خاوەن زەویەکانی گردجووتیار سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەبارەی کەرتی گردجووتیار و چارەنووسی زەویەکانیان.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار