٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک پاشگەز نەبێتەوە داوای لەکار لادانی دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ئەگەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک لە بڕیاری قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکان پاشگەز نەبێتەوە، هەڵوێستی دیکەمان دەبێت و وەزیری پەروەردەی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین. 

د. نەهلە ئەفەندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک نووسراوێکی گشتاندووە و تێیدا داوای کردووە ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکانی کەرکووک لاببرێت و تەنیا ئاڵای عێراق بمێنێت، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە و لە هەرێمی کوردستان ئاڵای عێراق لە تەک ئاڵای کوردستان دانراوە".

جێگری سەرۆکی لیژنەکە گوتیشی: "داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک دەکەین هەرچی زووە لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە و ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکانی کەرکووک لە تەک ئاڵای عێراق دابنرێت، چونکە کەرکووک خاکی کوردستانە و بڕیارەکە پێچەوانەی یاسا و دەستوور و پێکەوەژیانە".

ئەفەندی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک پاشگەز نەبێتەوە، داوای لەسەرکارلادانی دەکەین و وەزیری پەروەردەی عێراقیش بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین، بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەرەکەی کەرکووک بکات".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار