د.خەلیل غازی: مووچەی فەرمانبەران لە ھەمواری یاسای بودجە جیا دەکرێتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: داوامان کردووە لە کاتی ھەمواری یاسای بودجەی عێراق بڕگەی ١١ ھەموار بکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە لە نەفەقاتی فعلی، دەشڵێ: ئێمە پێداگری دەکەین لەسەر داواکاری خۆمان.
د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: یاسای بودجەی عێراق ھەموار دەکرێتەوە و ئێمە داوامان کردووە ماددەی ١١ی نێو یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە کە پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، ئێمە پێداگری دەکەین بڕگەی یەک و دوو لەنێو یاساکە بەشێوەیەک ھەموار بکرێتەوە پشکی ھەرێمی کوردستان لە نەفەقاتی فعلی جیا بکرێتەوە و کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دروست نەکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: یانیش بەشێوەیەکی دیکە مامەڵە بکرێت مووچەی فەرمانبەران لە پشکی ھەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە و ڕەوانە بکرێت، جگە لەو دوو ڕێگایە ھیچ ڕێگایەکی دیکەمان لەبەردەم دا نییە بۆ زامنکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
لەبارەی کاتی ھەموارەکە د.خەلیل غازی ڕوونیکردەوە: ئەمە عێراقە دیار نییە کەی ھەمواری یاسای بودجە تەواو دەبێت، چونکە ھەندێکجار کارێکی یەک ڕۆژی یەک مانگ دەخایەنێت و بەپێچەوانەوە کاری دوو مانگ بە دوو ڕۆژ یەکلایی دەکرێتەوە، ئەگەر داواکاری دیکە نەبێت دڵنیام ھەمواری یاسای بودجە ئەوەندە ناخایەنێت.
قائید میرۆ




