٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. شاخەوان بۆ KDP: بڕیارە ئەمڕۆ ھێزەکە بکشێنەوە و بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کێشەی ئەو ھاووڵاتیانە چارەسەر کرا لە گەڕەکی نەورۆز، کە داوایان لێ کرابوو ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بڕیارە ئەمڕۆش ھێزەکە بکشێنەوە و بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی دوێنێ چەند ھاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک پەیوەندییان پێوە کردین و باسیان لەوە کرد، کە ھیزێک ھاتووەتە سەریان و داوای چۆڵکردنی ماڵەکانیان دەکات، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و بە سوپاسەوە وەزارەتی بەرگری ڕاسپارد بکشێنەوە و ئەو بابەتە رابگیرێت و ھیچ ھاووڵاتییەک لە ماڵی خۆی دەرنەکرێت".

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەمڕۆش لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان قسەم کرد و بریارەکە جێبەجێ دەکات، بۆیە  ئەرکی ئیمە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و تەواوی خەڵکی شارەکەیە و بەردەوام دەبین".

دانیشتووانی ئەو گەڕەکە، کە ١٢٠ ماڵ دەبن، ھێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە چوونەتە سەریان و داوایان لێ کردوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی ئەو خانووانە لە سەردەمی رژێمی بەعس بۆ ئەفسەرانی ئەوکاتی رژێم دروست کراون، بۆیە داوا دەکەن ئەو ماڵانە چۆڵ بکەن، بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمان ھاتە سەر هێڵ و ئەو کێشەی چارەسەر کرد، بۆیە بڕیارە ئەو ھێزە لەو گەڕەکە بکشێنەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار