٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێ پڕۆژە بۆ پاراستنی ھەولێر و دەوروبەری لە لافاو جێبەجێ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بە مەبەستی پاراستنی شاری ھەولێر و دەوبەری لە کاریگەرییەکانی لافاو سێ پڕۆژەی ستراتیژی بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خراونەتە بواری جێبەجێکردن.

ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سێ پڕۆژەی ستراتیژی بۆ پاراستنی شاری ھەولێر و دەوروبەری لە کاریگەرییەکانی لافاو کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن، ھەرسێ پڕۆژەکە گوژمەی دوو ملیار و ١٠٠ ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە، پڕۆژەکانیش پێکهاتوون لە کۆنکرێتی ڕێڕەوی سروشتی لە گردجووتیار، کۆنکرێت کردنی ڕێڕەوی سروشتی کۆڕنیش نزیک شاری زیلان و دروست کردنی پردێکی ھەشت چاوە لە گوندی تەندورەی سەر بە ناحیەی شەمامک.

بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر گوتیشی: ھەرسێ پڕۆژەکە لەژێر جێبەجێکردندان و مەبەست لە ئەنجامدانیان پاراستنی شاری ھەولێر و دەوبەریەتی لە زیانەکانی لافاو، دوای تەواوبوونیان کاریگەرییان دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو.

ڕێبوار کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەو سێ پڕۆژەیە ڕێڕەوی ئاوی باران چارەسەر دەکەن، ساڵانە بەھۆی بارانی زۆرەوە ئاوێکی زۆر لەو ڕێڕەوە دەردەچێت، پێویست بوو حکوومەت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە چارەسەری ئاوی سروشتی بکات و ئەو ناوچانە پارێزراوبن، چونکە بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری بەشێکە لە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار