دژوار فایەق: پێویستە کورد لەناوچە کوردستانییەکان یەکگرتووبن
__2024_01_02_h18m4s3__HK.jpg)
نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەڵێ: پێویستە کورد لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ یەکگرتووبێت لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن، دەشڵێ: چەندین بڕیار و ڕاسپاردەمان لە لیژنە دەرکردووە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.
دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن پێویستە کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ یەکگرتووبێت تا بتوانن داواکارییەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە جێبەجێ بکەن و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێت، چونکە سەرەڕای تێبینی کورد لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەوا بەبێ کورد پارێزگاری ئەو شوێنانە دیاری ناکرێ.
ئەو بەرپرسەی کورد دەشڵێت: ئێمە لەو کۆبوونەوانەی ساڵی ڕابردوو لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ ئەنجامدراون ھەنگاوی زۆر باشمان ناوە، لەوانەش داوامان کردووە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی بەناو شۆڕشی سەردەمی بەعس ھەڵبوەشێندرێنەوە، حکوومەتی فیدڕاڵ پڕۆژەیەک ئامادە دەکات ئێمەیش داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین کەمپین دروست بکەن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت لە پەرلەمان و بەو ھۆیەوە ٣٠٠ ھەزار دۆنم زەوی بۆ کورد دەگەڕێتەوە.
دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ھەر لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ ڕاسپاردەمان داوەتە حکوومەتی بەغدا بۆ ئەوەی بڕیارەکانی لیژنەی بەناو کاروباری باکوور ھەڵوەشێنێتەوە، ئەگەر ئەوەیش سەربگرێت و جێبەجێ بکرێت ئەوە ٩٠٠ ھەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد و تورکومانیش دەگەڕێتەوە، ھەنگاوی دیکەش ماون بۆ ئەوەی بتوانین ئەمساڵ کاری بۆ بکەین وەک لیژنە و نوێنەری ھەرێم لە لیژنەکە.
قائید میرۆ




