٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی پارتی بەیاننامەیەكی لەبارەی هێرشە تیرۆرستییەكه‌ی سەر بارەگایەكی پێشمەرگە بڵاو كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بەیاننامەیەكی لەبارەی ئەو هێرشە تیرۆرستییە بڵاو كردەوە، كە كرایە سەر بنكەیەكی هێزی پێشمەرگە لە باكووری هەولێر.

ئەمڕۆ دووشەممە 1/1/2024، فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: "فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرش و کردەوە تیرۆریستییە دەکات، کە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی قارەمانی لە باکووری هەولێر کردە ئامانج و زیانی دارایی لێ کەوتەوە."

ئەوەش خراوەتە ڕوو: "دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکان، بە شتێکی قبووڵنەکراو و پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت، کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سەلامەتیی هاووڵاتییانی دەکاتە ئامانج، هەروەها ئاماژەیە بۆ لاوازییەکی گەورە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە لە مامەڵەکردنی جددی و یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا، کە پاڵپشتیی داراییان بۆ دابین دەکرێت و چەکدار دەکرێن لەلایەن ئەو لایەنانەی کە نایانەوێت سەقامگیری لە عێراقدا بە گشتی هەبێت."

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکات: "هەنگاوی خێرا و بەپەلە بگرێتە بەر، ئەو گرووپە لەیاسادەرچوانە و ئەوانەی هاوکارییان دەکەن ڕابگرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق بکات، لێکۆڵینەوە بکات لە شوێنی ئاڕاسەتەکردنی ئەو فڕۆکە بۆمبڕێژکراوانە و شێوازی هاوردەکردنیان و ئەو لایەنانەی کە گرووپە لەیاسادەرچووەکان بەم فڕۆکانە پڕچەک دەکەن."

لە بەیاننامەكەدا جەخت لەوەش كراوەتە: "ھەرێمی کوردستان بە سەرسەختی دەمێنێتەوە بەرامبەر بەو کەسانەی کە ھەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری دەدەن و مەترسی لەسەر سەلامەتیی ھاووڵاتییانی دروست دەکەن، ئەم هەوڵە نائومێد و بەدبەختانە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی پڕشکۆ، سەرکەوتوو نابێت."

هەواڵی پەیوەندیدار