٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ھاتنی ساڵی تازە، پیرۆزبایی لە ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکات، ھەر بەم بۆنەشەوە مەکتەبی سیاسی پارتی داوا لە گشت ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات کە پێویستە بەرژەوەندیە باڵا نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان لەسەرووی ھەموو شتێکەوەبێت و یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلی کورد بپارێزن.

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بە بۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لە ھاووڵاتیانی ھێژا و خۆشەویستی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم دەکەین، پیرۆزباییەکی گەرم لە بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و، سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆز و خۆڕاگری پارتیمان دەکەین و، ھیوای ساڵێکی ئاسوودە و ئارام و پڕ دەستکەوت بۆ ھەموو لایەک دەخوازین.

ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە ھۆی شەڕ و ناسەقامگیریی و ململانێ ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان بە بارودۆخێکی ھەستیار و نەخوازراودا ڕەت دەبێ، بۆیە پێویستە ھەموو لایەک بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە کاربکەین بۆ پاراستنی ئەزموون و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی ڕەوشێکی سەقامگیر و ئارام.

لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ھەروەکو ڕامانگەیاندووە، سەرەڕای ھەبوونی تێبینی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەییمان دەربڕیوە بۆ دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان لەسەر بنەمای شەراکەت و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە سیاسییەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانەی کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەبارەوە کراوە لەپێناو دابینکردنی ئاسوودەیی و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییانی ئەو شار و شارۆچکە و ناوچانە بەبێ جیاوازی.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ساڵی تازە و، وەک ھەمیشەیش جەخت لەسەر گرتنەبەری ڕێگای گفتوگۆ و دانوستاندن دەکەینەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە شایستە داراییەکان و مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستان و، سەرجەم ماف و ئیستیحقاقە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلەکەمان.

بە بۆنەی ساڵی تازەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی قەوارەی سیاسی و یاسایی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان بە ئەرکی لە پێشینەی خۆمان دەزانین و لە ڕۆشنایی ئەو بڕیار و باوەڕە نەگۆڕەشمانەوە داوا لە گشت ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین پێویستە بەرژەوەندیە باڵا نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان لەسەرووی ھەموو شتێکەوەبێت و یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلەکەمان بپارێزین و پرەنسیپە ڕاستەقینەکانی ھاوپەیمانییەتی پتەوتر بکەین بۆ باشترکردنی بارودۆخی گوزەران و بژێوی ھاووڵاتییان و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری وڵاتەکەمان.

ئومێدەوارین ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی موژدە بەخش بێت و، ساڵی کۆتایی ھاتنی قەیران و گیروگرفتەکان و ساڵی بەختەوەری و بەھێزترکردنی ئاشتەوایی و لێبووردەیی نێوان گشت پێکھاتەکان بێت..        

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣

 

هەواڵی پەیوەندیدار