٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی حکوومەت: چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە و، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "شەوی ڕابردوو (شەممە، 30-12-2023)، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم هێرشە تیرۆریستیە لەلایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە".

پێشەوا هەورامی دەڵێت: "ئێمە ئەو لایەنانە و حکوومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکوومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لە کاتێکدا کە حکوومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن. چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گروپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین". 

هەواڵی پەیوەندیدار