٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحما خەلیل: پێنجسەد پۆلیسی دیکە بۆ شنگال دادەمەزرێندرێن

سەرچاوە: KDP.info

پەرلەمانتارێکی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەو ھەزار و ٥٠٠ پۆلیسەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی شنگال دامەزراون بەشێکیان مەشق و ڕاھێنانیان تەواوکردووە، ئەوانی دیکەش دەخرێنە مەشق و ڕاھێنانەوە، دەشڵێ: ئێمە بەڵێنمان پێدراوە ٥٠٠ پۆلیسی دیکەش دابمەزرێنن.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیاری دامەزراندنی ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس بۆ دەڤەری شنگال چووەتە بواری جێبەجێکردن و ٥٠٠ پۆلیسی نوێ مەشق و ڕاھێنانیان ئەنجامداوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو ٥٠٠ پۆلیسی دیکەش دەخرێنە مەشق و ڕاھێنانەوە بۆ ئەوەی ھەموو پۆلیسەکان مەشق و ڕاھێنانیان پێ بکرێت و ئامادەبن بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت: ئێمە لە ھەوڵداین ٥٠٠ پۆلیسی دیکەش دابمەزرێن و ژمارەیان بگاتە دوو ھەزار پۆلیس، لەگەل سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری ناوخۆ لەپەیوەندیداین بۆ دامەزراندنی ٥٠٠ پۆلیسی دیکە بۆ دەڤەری شنگال.

مەحما خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەو پۆلیسانەی بۆ شنگال دادەمەزرێن خەڵکی دەڤەری شنگالن و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگالە بۆ پارێزگاریکردن لەدەڤەری خۆیان، ھەموو مەلەفی ئەمنی ناو شنگال بەو پۆلیسە نوێیانە دەدرێت و ئەرکیان لە قەزای شنگال دەبێت، یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی شنگال لەنێوان ھەرێم و بەغدا دامەزراندنی ئەو پۆلیسانەیە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار