د.بەشیر حەداد: ھەژماری من دوای تەواوبوونی کێشەی مووچە چارەسەر دەکات

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە کردنەوەی بانکی نشتیمانی ھەنگاوێکی گرینگە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران، دەشڵێ: دوای تەواوبوونی ھەژماری من تا ڕادەیەکی زۆر کێشەی مووچە لە ھەرێمی کوردستان چارەسەردەبێت.
د.بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەرێمی کوردستان بە کردنەوەی بانکی نیشتیمانی دەچێتە قۆناغێکی دیکەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و زۆر پرسی تایبەت بە مووچە چارەسەر دەبن، وەک نەھێشتنی ئەو کەسانەی لە دوو مووچە سوودمەندن و ھەبوونی فەرمانبەری بندیوار، چونکە ھەر کەسێک بۆی ھەیە یەک ژمارەی بانکی ھەبێت.
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمان گوتی: بانکی نیشتیمان ھەماھەنگی لەگەل بانکی فیدڕاڵ ھەیە و دەبێتە سەنتەرێک بۆ ئەوەی ھیچ بیانوویەک لەدەست بەغدا نەمێنێ بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان.
د.بەشیر حەداد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: تا ئێستا ھەنگاوی باش نراون دوای تەواوبوونی پڕۆژەی ھەژماری من ھەموو فەرمانبەران و خانەنشینان دەبنە خاوەن ھەژماری خۆیان و ئیدی کۆتایی بەو ھەموو ئاریشە و ئاستەنگانەی بەردەم مووچە دێت، چونکە سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێ: ھیچ دەرچەیەک نییە ئێمە ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێرین، تەنیا دەتوانرێت پشکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئەو بانکە نیشتیمانییە بکرێت.
قائید میرۆ




