ئەمساڵ مۆڵەت بە ٤ھەزار و ٨٠٠ مامەڵەی بازرگانی دراوە

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ٤ھەزار و٨٠٠ مۆڵەتی ھاوردەکردنیان بە سەرمایەی ٦ملیار و ٣٥٠ملیۆن دۆلار داوە بە بازرگانان، لەوانە ١٢١ھەزار ئۆتۆمبێل ھاوردە کراوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ٦ملیار و ٣٥٠ملیۆن دۆلارمان وەکو ڕەسید دابوو بە بازرگانان بۆ ھاوردەکردنی کاڵا، بۆیە ئەمساڵ ٤ھەزار و ٨٠٠ مامەڵەی بازرگانی مۆڵەتیان پێدراوە بە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیشەوە بەهاکەی ٦ملیار و٣٥٠ملیۆن دۆلاربوو.
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ئەمساڵ ١٢١ھەزار ئۆتۆمبێل ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراوە، مەرج نییە ھەمووی بۆ ھەرێمی کوردستان بووبێت، بۆ شارەکانی عێراقیش دەچێت، لەمەودوا لە مانگی ١١ی ئەمساڵەوە مۆدیلی ٢٠٢١ ھاوردەکردنی قەدەغەیە.
بەرێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ئەمساڵ گرانبوونی نرخی دۆلار کاریگەری زۆری ھەبوو لەسەر ھاوردەکردن چونکە ئێمە ١٠ملیار دینا ڕەسیدمان دابوو بە بازرگانان کەچی بایی ٦ملیار و ٣٥٠ملیۆن دینار کاڵا ھاوردە کراوە.
بڵند ئیبراھیم




