ئەمساڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە ٢٥٠ پڕۆژە ئەنجامدراون

سۆران-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە ٢٥٠ پڕۆژە ئەنجامدراون، کە زیاتر لە ٣٥ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و بەم نزیکانە ژمارەیەکی پڕۆژەی تازە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ گرنگیەکی تایبەتی بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوە و پڕۆژەیەکی زۆرمان ئەنجامداوە، کە پڕۆژەی ستراتیژی و مامناوەند بوونە و ئەو پڕۆژانە زیاتر لە ٢٥٠ پڕۆژە بوونە لە بواری ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ و بوارەکانی دیکە و لەم نزیکانە چەند پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە".
ناوبراو جەختیش دەکاتەوە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە پڕۆژەی ڕێگاوبان دەدات و ھەبوونی ڕێگاوبانێکی باش دەتوانێت سوود لە کەرتی گەشتیار و کەرتەکانی دیکە وەرگرێت، کە ھاتووچۆ ئاسان دەکرێت، بۆیە ھەموو ھێڵە سەرەکیەکان دروست دەکرێت، ئەمەش وادەکات ئاسانکاری زۆر باش بۆ ھاتووچۆ بکات بەتایبەت سۆران دوو دەروازەی ھەیە و ئێستا یەکێکیان نۆژەن دەکرێتەوە، ئەمەش سوودی زۆری دەبێت بۆ جوڵەی بازرگانیش.
ھەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: "ئێمە دوو بوودجەمان ھەیە بوودجەی وەبەرھێنان و بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئەمساڵ زیاتر لە ٣٥ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکان خەرجکراوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزا و ناحیەکانیش و ٧٠%ی بوودجەش بۆ بواری ڕێگاوبان تەرخانکراوە".
شێخ نەجیب باسی لەوەشکرد: "لەدوای ئەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاگەیندرا ھەموو ئەو پڕۆژانەی بەنیوەچڵیش بەجێمابوون ئەوانیشمان دەستپێکردۆتەوە، بۆیە پار ساڵ ٩٥%ی پڕۆژەکانی تەواو نەکراو تەواوکران و ھیچ پڕۆژەمان نەماوە دەستمان پێکردبێت وەستابن و ڕەنگە دواکەوتن ھەبێت ئەویش رێکاریان بەرامبەر گیراوەتە بەر، بۆیە ئێمە ڕێگە نادەین پڕۆژە ئەنجامبدرێت و تەواو نەکرێت".
بڵند ئیبراھیم




