وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەمساڵ ھەنگاوی یەکەمی ھەناردەی بەرھەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا
__2023_12_25_h15m55s22__ER.jpg)
ھەولێر _ KDP.info_ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: ئەمساڵ ھەنگاوی یەکەمی ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ وڵاتانی کەنداو و یەکێتی ئەوروپا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا و پێشوازییەکی باش لە بەرھەمەکان کرا، ئێستا پلان دانراوە بۆ ئەوەی ساڵی نوێ جۆری بەرهەم و ڕێژەی بەرھەم زیاتر ھەناردە بکرێت.
ھیوا عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمی ناوخۆ لە دەرەوەی وڵات، ئەمساڵ ھەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ھەناردەکردن و دۆزینەوەی بازار لە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپاش، بۆ ئەو مەبەستە لیژنە پێکھاتوون و کاری بەردەوامی لەسەر دەکەن، ئێستا پلان دانراوە بۆ ساڵی تازە بۆ ئەوەی بڕی ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە لەوەی ئەمساڵ نێردراوە زیاتر بکرێت.
ھیوا عەلی گوتیشی: بەپێی ئەوپلانەی دانرا بۆ ساڵی ئایندە ھەم ئاسانکاری دەکرێت بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ و ھەم بڕی ھەناردەکردنی بەرھەمەکە زیاتر دەکرێت چونکە ئەوەی ئەمساڵ کراوە دەستپێکێک بوو بۆ ھەناردەکردنی بەرھەم و دۆزینەوەی بازاڕ و تێست و تاقیکردنەوەی بەرھەمەکانی کوردستان و تاڕادەیەکی باش لە دەرەوە پێشوازی لێ کراوە، ھەنگاوی یەکەممان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە.
هیوا عەلی باسی لەوەش کرد: ئەو بەرھەمانەی ئەمساڵ ھەناردەی دەرەوە کراون، ھەنار، سێو، پەتاتە، ھەنگوین، ھەنجیر، ئاوی تەماتە و برنج بوو، پلان ھەیە لە ساڵی داھاتوو بەرھەمی زیاتر و جۆری زیاتریش ھەناردەی دەرەوە بکەین.
بڵند ئیبراھیم




