پسپۆرێکی ئابووری: دوای سەری ساڵ دۆلار بەھای نامێنێ
__2023_12_24_h18m16s4__HK.jpg)
پسپۆرێکی ئابووری پێی وایە، دوای سەری ساڵ دۆلار بەھای نامێنێ، دەشڵێ: ئەگەر ڕێوشوێنەکان وەک خۆی بگیرێنەبەر نرخی دۆلار جێگیر دەبێت بەگوێرەی ئەو نرخەی حکوومەتی فیدڕاڵی دیاری کردووە.
پرۆفیسۆر د.خالید حەیدەر، پسپۆری ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لەگەڵ نزیک بوونەوە لەساڵی نوێ نرخی دۆلار بەرەو دابەزینە و پێموایە ئەگەر بڕیار و ڕێوشوێنەکان بەرامبەر جێگیرکردنی نرخی دۆلار وەک خۆی جێبەجێ بکرێن ئەوە دوای سەری ساڵ دۆلار بەھاکەی لەدەست دەدات و ئەو بەھایەی ئێستا لە بازاڕ ھەیەتی نامێنێ، چونکە ئەگەر مامەڵەی ناوخۆ ھەمووی بکرێتە دینار ئەگەر ھاووڵاتی دۆلاریشی ھەبێت ناچار دەبێ بیکاتەوە دیناری عێراقی، ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخەکەی دەبێت.
ئەو پسپۆرەی ئابووری گوتی: بەگوێرەی پێشبینی خۆم و شارەزایانی ئەو بوارە نرخی دۆلار دوای سەری ساڵ دێتەوە ئەو نرخەی حکوومەت دیاری کردووە، بە ١٣٢ ھەزار دینار، لەوانەیە نرخی فەرمیی و بازاڕ ئەوەندە جیاوازییان نەمێنێ، بۆ نموونە ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٣٥ ھەزارێک مامەڵەی پێوە بکرێت.
پرۆفیسۆر د. خالید حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: خەڵکێکی زۆر لە نرخی دۆلار سوودمەند بووە، ئەوانەی پەیوەندیدار و سوودمەندن لە نرخی دۆلار تەنیا لەم ساڵدا بەقەد بیست ساڵی ڕابردوو قازانجیان کردووە لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، لەبەر ئەوەش پێموایە لەسەر ھێزی ئەو کەسانەی سوودمەندن دەوەستێت، چونکە ئەگەر ئەوان پێیان بکرێت ناھێڵن نرخی دۆلار دابەزێت.
قائید میرۆ




