پلانی گەشتوگوزار بۆ ساڵی نوێ ئامادە دەکرێت

بەرپرسێکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دەستە ئامادەکاری دەکات بۆ پلانی ساڵی داھاتوو (٢٠٢٤)، بە پلانی ئەمساڵیس دا دەچینەوە ھەتا بزانین تا چەند پلانەکە جێبەجێکراوە.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دەستەی گشتی گەشتوگوزار ئامادەکاری دەکات بۆ پلانی ساڵی داھاتوو (٢٠٢٤) بە پلانی ئەمساڵیش دا دەچینەوە بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پلانی ئەمساڵ جێبەجێکراوە و ھۆکاری جێبەجێنەکردنی وەک خۆی چییە؟ پلانی نوێ بۆ ساڵی ئایندە ئامادە دەکرێت و دەخرێنە جێبەجێدەکردنەوە، ھەروەها ھێنانی گەشتیاری بیانی بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.
سیروان تۆفیق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دەمانەوێ لە ساڵی داھاتوودا زۆرترین پڕۆژەی وەبەرھێنان لە کەرتی گەشتوگوزار جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین بەگوێرەی پێویست کەرتی گەشتوگوزار بەرەو پێشەوە ببەین و زۆرترین ھەلی کار لەڕێگەی گەشتیارییەوە پەیدا بکەین، ھەروەھا ساڵی داھاتوو دەستە لە ناوخۆ و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە چەندین کۆنفڕانس و پیشانگای گەشتیاری بەشداری دەکات.
قائید میرۆ




