٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی عەنکاوە: ڕێوەڕەسمی سەری ساڵ و لەدایکبوونی حەزەرتی مەسیح بەڕێوەدەچێت

سەرچاوە: KDP.info

قایمقامی عەنکاوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە حەفتەی ڕابردووەوە دەوامی بەشێکی زۆری فەرمانگەکانی قەزای عەنکاوە کراوەتە ٢٤ کاتژمێر، لە سبەی بەدواوە کریستیانەکان جەژنی سەری ساڵی نوێ و لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح بەڕێوەدەبەن.

ڕامی نووری، قایمقامی عەنکاوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: وەک ئیدارەی عەنکاوە ئەمساڵیش پلانێکی تۆکمە دانراوە بۆ سەری ساڵ و ھەموو فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ڕاسپێردراون لە ڕۆژی ٢١ی مانگەوە تا ٢ی ساڵی نوێ دەوامیان کراوەتە ٢٤ کاتژمێر بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشکەشی میوانان بکەن، چونکە پێشبینی دەکەین بۆ جەژنەکانی سەری ساڵ ژمارەیەکی زۆری میوان لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق سەردانی قەزای عەنکاوە بکەن، کریستیانەکانی وڵاتانی دیکەش دێنە عەنکاوە بۆ سەری ساڵ.

قایمقامی عەنکاوە گوتیشی: بە ھەماھەنگی پارێزگای ھەولێر و ھێزەکانی زێڕەڤانی و ئاسایش و پۆلیس و گشت فەرمانگە پەیوەندارەکان پلان دانراوە بۆ ئەوەی سەقامگیری عەنکاوە پارێزراو بێت و ھاووڵاتییانی کریستیان بتوانن بەبێ ئاستەنگ جەژنەکەیان بەڕێوەببەن.

ڕامی نووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سبەی شەو دەست بە ڕێوڕەسمی ئاینی دەکرێت لە عەنکاوە، بەڵام بۆ ڕێزگرتن لە گیانی قوربانیانی ڕووداوەکەی حەمدانییە لە کەنیسەکان پێشوازی لە شاندی فەرمیی و میوانان ناکرێت، تەنیا ڕێوڕەسمە ئاینییەکان و نوێژی جەژن بەڕێوە دەبرێت، تەنیا لە کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشووری پێشوازی لە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، لەبەر ئەوەی قەداسەتی پاتریاک مار ئاوا لەوێ نوێژی جەژن دەکات.
لەبارەی شەوی سەری ساڵیش ڕامی نووری دەڵێت: بۆ شەوی سەری ساڵیش حکوومەت ھیچ ئاھەنگێک بەڕێوە نابات تەنیا لە کەرتی تایبەت ئاھەنگ بەڕێوەدەچێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لە ئەرکدان بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار