مەکتەبی سیاسی پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرە لە یەکێتیی ئافرەتان دەکات

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی سەرکەوتنی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەڕێز زیبا تەها، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان
بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان
بە بۆنەی سەرکەوتنی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و بەدەستهێنانی متمانەی ئەندامانی کۆنگرە و هەڵبژاردنتان بە سکرتێر و ستافی مەکتەبی سکرتاریەتی ئەو ڕێکخراوە تێکۆشەرە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان لە ئەرکی نوێدا بۆ دەخوازین.
ئومێدەوارین پڕۆگرام و بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەتان هاندەری زیاتری یەکێتیی ئافرەتان بێت لە بەرگریکردن لە ماف و داوا ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان و هێنانەدیی خواست و ویستەکانیان، هەروەها پاراستنی بەها باڵاکان و برەودان بە هەستی نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی و پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرپرس و دڵسۆز بۆ خاک و نەتەوە، لە ئەرکە لە پێشینەکانتان بێت.
دووبارە سەرکەوتنی کۆنگرە لە ئێوەی تێکۆشەر و کادر و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان پیرۆز دەکەین و، وەکو هەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێکخراوەکەتان دووپات دەکەینەوە و ئومێد دەکەین نموونە و پێشەنگ بن لە خزمەتکردنی ئافرەتانی کوردستان و، هەر سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣




