٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هیوا ئەحمەد: پارتی هەوڵیداوە بڕوا بەخۆبوون لای خودی ئافرەت دروست بکات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی رێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایەگەیاند، پارتی لە رابردوودا زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ پرسی ئافرەت کردووە، تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە، قۆناغی سەختی بڕیوە.

هیوا ئەحمەد، لە رێوڕەسمی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کە لە ساڵی 1952 لەسەر دەستی مەلا مستەفای بارزانی دامەزرا، کۆمەڵگەیەکی زۆر جیاوازتر لە ئێستا هەبوو، ئەوکات پیاو سالاری لە لووتکەدابوو، بە کۆیلە سەیرکردنی ئافرەت  لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ببوە کولتوور".

گوتیشی: "لە مێژوودا پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ پرسی ئافرەتان کردووە، تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە قۆناغی سەختی بڕیوە، لەلایەک هەوڵیداوە بڕوا بە پیاو بهێنێت کە ئافرەت وەک پیاو مافی هەیە، لەلایەکی دیکە پارتی هەوڵیداوە بڕوا بەخۆبوون لای خودی ئافرەت دروست بکات، تا داوای مافی بکات و بزانێت ئەرک و مافی چییە، بیخاتە ناو تای یەک تەرازوو لەگەڵ پیاو کۆمەڵگایەکی تەندروست بنیاد بنێنن".

هیوا ئەحمەد، راشیگەیاند: "یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، پشت ئەستووری بە پارتی دیموکراتی کوردستان خەباتی ئافرەتانی تێکەڵی خەبات و شۆڕشی پێشمەرگانە کردووە، لەو پێناوەشدا قوربانی گەورەی بە کوردستان بەخشیوە، لە ئێستای تێکۆشانی مەدەنیدا، ئافرەت لە هەموو جومگەکانی وڵاتدا هەیە، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هانی ئافرەت دەدەین خۆیان لەگەڵ زانست و تەکنەلۆجیای سەردەم بگونجێنن و لێی دانەبڕێن، دەبێت ئەم رێکخراوە لە هەموو دامەزراوەیەک و کەناڵێکی راگەیاندن بوونی هەبێت، بۆ داکۆکی کردنی دۆزی ئافرەتان".

 

هەواڵی پەیوەندیدار