مهسروور بارزانی: لە كابینەی نۆیەمدا بەشداریی ئافرەتان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە

ههولێر-KDP.info- مهسروور بارزانی جێگری سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له كۆنگرهی نۆیهمی یهكێتیی ئافرهتانی كوردستان، گوتارێكی پێشكهش كرد و گوتی، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان مێژووێكی پڕ لە سەروەری و شانازیی هەیە، لە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان.
دهقی گوتارهكهی مهسروور بارزانی، جێگری سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان، ئەندامانی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، میوانانی بەڕێز
بە بۆنەی بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەم، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازم. ئومێدەوارم بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنگرەكەتان ببێتە مایەی زیاتر بەرەوپێشچوونی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان.
یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان مێژووێكی پڕ لە سەروەری و شانازیی هەیە، لە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان، یەكێتیی ئافرەتان و ئافرەتانی كوردستان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانێكی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون و لە ڕێزی پێشەوەی بەرگریكردن بوون لە مافە رەواكانی گەلی كوردستان.
ڕێز و پێزانینێكی زۆرم بۆ هەموو ئەو ئافرەتە تێكۆشەرانەی كوردستان و بە تایبەتی سەركردە خەباتكارەكانی پێشوو و ئێستای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە و خەبات و تێكۆشانیان لەپێناو مافەكانی ئافرەتانی كوردستان بەرز دەنرخێنین.
لە مێژووی گەلی كوردستاندا، ئافرەتان هەمیشە بەردەوام ڕۆڵێكی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە. بۆ نموونە لە ڕاپەڕین و شۆڕشەكانی گەلی كوردستان ئافرەتان نموونەیەكی دیاری ئازایەتی و نیشتمانپەروەری و قوربانیدان بوون و شان بەشانی باوك و برا و ئەندامانی دیكەی خێزانەكانیان، لە سەنگەری پێشەوەی خزمەتكردن و گیانبەختكردن و پارێزگاریكردن بوون لە خاك و نیشتمان.
لە دوای راپەڕی ١٩٩١، ئافرەتانی كوردستان ڕۆڵێكی كارایان لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا هەبووە و هەیە و توانیویانە بە لێهاتوویی خۆیانەوە ڕۆڵی كاریگەری خۆیان لە كایە جۆراوجۆرەكاندا بسەلمێنن. ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی ئاست و ڕێژەی بەشداریی ئافرەتانی كوردستان لە بەڕێوەبردن و حكومڕانیدا ئاماژەیەكی ڕوونە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجی باشتركردنی دۆخی ئافرەتان و بەهێزتركردنی پێگەیانە لە كۆمەڵگەدا. لێرەدا جێی خۆیەتی هەر بۆ نموونە ئاماژە بەوە بدەین كە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاكانی حكوومەتدا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
هیوادارم یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لەم كۆنگرەیەدا هەڵسەنگاندنێكی باش و بابەتییانە بۆ كار و چالاكییەكانی لە ماوەی رابردوودا بكات و سەرەنجام نەخشەڕێگە و پلان و بەرنامەی تۆكمە بۆ قۆناغی داهاتوو دابڕێژێت، بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و پێشخستنی خەباتی رێكخراوەیی خۆی و بەدیهێنانی ئامانجەكانی لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی ئافرەتانی كوردستان بۆ سوودوەرگرتن لە پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا لەم سەردەمەدا.
داواكارم یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان بگێڕن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی نیشتمانپەروەر و ئاشتیخواز و ژینگەپارێز و كارامە بۆ پاراستنی ئەزموون و دەستكەوتەكانمان و پێشخستنی زیاتری وڵاتەكەمان.
پێش ئەوەی كۆتایی بە وتارەكەم بێنم، دەمەوێ جارێكی تر سوپاسی سكرتێری یەكێتیی ئافرەتان دكتۆرە ڤیان و هەموو سكرتێر و سەركردایەتییەكانی پێشووتری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بكەم و پێتان بڵێین كە ئێمە ڕێز و پێزانینێكی زۆرمان بۆ خەبات و تێكۆشانی ئێوە هەبووە، هەروەها داوای بەردەوامبوون و سەركەوتن بۆ هەموو ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە، هیوادارم لە كۆتایی ئەم كۆنگرەیە، سەركردایەتییەكی پتەو، زیرەك، خەباتكەر و تێكۆشەر هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامیی بەم ڕێگە پیرۆزە بدەن و لە ئاستی داخوازییەكانی ئافرەتانی كوردستان بن.
جارێكی تر سوپاستان دەكەم، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازم، هیوادارم هەمیشە لە گەشەكردن و پێشكەوتندا بن. ئێوە هەر سەلامەت و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.




